فره‌ڕه‌نگی یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگه دیموكراسییه‌كانه و نیشانه‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ی ئه‌و شته‌یه كه له ڕۆژئاوا پێی ده‌ڵێن پلۆرالیزم یان فره‌ده‌نگی، فره‌ڕه‌نگیش به مانایه‌كی ڕه‌مزی و له هه‌ندێ ئاستدا هه‌ر فره‌ده‌نگییه، له‌م زه‌وینه‌یه‌دا "فره" تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ئه‌رێنی و جوانه. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به حوكمی فره‌یی ئاین و شێوه‌زار و زمانه‌وه، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فره‌ڕه‌نگ و فره‌ده‌نگ بووه و له‌گه‌ڵ زۆر به‌ریه‌ككه‌وتنی نامۆدێرن و نه‌گونجاو، ئێسته له دۆخێكی باشی پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن و نمایشی سه‌ر سته‌یجی كولتووری دره‌وشاوه‌ی خۆی ده‌كات، ئه‌مه‌ش یه‌كێك له ڕاكێشه‌رییه‌كانی كولتووری كوردییه هه‌م له توێژینه‌وه كولتوورییه‌كاندا و هه‌میش بۆ وڵاتانی تری ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌ش.
وه‌ك گوتم فره‌یی له‌م كۆنتێكست و زه‌وینه‌یه‌دا ئه‌رێنییه. ئه‌مه‌م بۆیه ڕوون كرده‌وه تا له درێژه‌ی باسه‌كه‌مدا كه ده‌په‌رژێمه سه‌ر "فره‌ڕه‌نگی" له ناو كۆنتێكستێكی ئابووری-كۆمه‌ڵایه‌تیدا تووشی خراپ گه‌یاندنی مه‌به‌سته‌كه‌م نه‌بم. جارێك نووسه‌رێكی بواری كولتووری ئامۆژگارییه‌كی كتێبخوێنانی كردبوو كه كاتێك كتێب ده‌خوێننه‌وه، نه ڕاكشێن و پاڵبكه‌ون و نه به جلی ماڵه‌وه كتێب بخوێننه‌وه، به‌ڵكو به دانیشتن و تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی ده‌كرێت به جلێكی نیمچه فه‌رمییه‌وه كتێب بخوێننه‌وه. پێداگریی ئه‌م نووسه‌ره له‌م جۆره ئه‌ته‌كێت و هه‌ڵسوكه‌وتكردنه له‌گه‌ڵ كتێب، وه‌كو ئه‌وه‌یه كتێبی به بوونه‌وه‌رێكی گیاندار یان ڕۆحدار وێنا كردبێت كه ڕاستییه‌كه دروسته‌كه‌ی هه‌ر ئه‌وه‌یه، ڕه‌نگه هیچ دیارده‌یه‌كی به ڕواڵه‌ت بێ گیان هێنده‌ی كتێب خاوه‌ن قسه و زاكیره و مه‌عریفه و نه‌مری نه‌بێت، ئه‌مه وا ده‌كات ئێمه به هه‌ڵسوكه‌وتێكی تایبه‌ته‌وه بجووڵێینه‌وه له‌گه‌ڵی و ته‌كلیفمان ده‌خاته سه‌ر كه كتێب به پیرۆز و جێگه‌ی ڕێزی زۆر ببینین، چونكه كتێب ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی هه‌یه كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ دا.
لێره‌دا كتێب ده‌بێت به هێمایه‌ك كه تا دێت زیاتر توێیه‌كانی هه‌ڵده‌قڵاشێت و قووڵتر و ئاڵۆزتر ده‌بێته‌وه، بۆیه ده‌توانین بڵێین كتێب هێمایه‌كی كلتووری و مه‌عریفیی نه‌مره كه ده‌لاله‌ت له بوونی مرۆڤ ده‌كات له مێژوو و هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا. بۆیه كه‌سێك كه بڕیاره له گۆڕه‌پانێكی ئاوادا ئیش بكات و ناوی چالاكی بواری كولتوور و ڕۆشنبیریی لێ بنرێت، ده‌بێت چه‌نده ڕێز بۆ كتێب داده‌نێت، دوو بارته‌قای ئه‌وه‌ش ڕێز بۆ ئه‌و گوێگر و خوێنه‌ر و بینه‌رانه دابنێت كه گوێ بۆ شیكاری و لێكدانه‌وه‌كانی ئه‌و ده‌گرن. مه‌به‌ستمه بڵێم ئه‌گه‌ر ئێمه له هه‌مبه‌ر كتێبدا به ڕێزه‌وه ده‌جووڵێینه‌وه، ده‌بێت له هه‌مبه‌ر كتێبخوێنه‌كانیشدا به ڕێز و حورمه‌ته‌وه بجووڵێینه‌وه، ئینجا ئه‌م ئاسته‌ی ڕیز و حورمه‌ت بۆ كتێب و كتێبخوێن چۆن پێناسه ده‌كرێت؟ .
كاتێك باسی كتێب ده‌كرێت، ڕاستییه‌كه‌ی باسی كتێبخانه یان فه‌زایه‌كی داخراو ده‌كرێت كه تێیدا مرۆڤێك ده‌خوێنێته‌وه و بیر ده‌كاته‌وه و ده‌رئه‌نجام كتێبه‌كه له‌گه‌ڵی ده‌كه‌وێته قسه و دانوستانه‌وه، به‌ڵام كاتێك باسی كتێبخوێن ده‌كه‌ین، ته‌نیا له كتێبخانه‌دا نامێنێته‌وه، به‌ڵكو كتێبخوێن دێته ده‌ره‌وه و خوێندنه‌وه و مه‌عریفه‌كه‌ی به‌ناو كۆمه‌ڵگه و له ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاو ده‌بێته‌وه، واته كتێبخوێن دره‌نگ یان زوو دێته ڕووبه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی تر له كتێبخانه‌وه و ده‌كه‌وێته پێوه‌ندیی له ناو تۆڕیكی گه‌وره‌ی مرۆیی‌دا.
ئا لێره‌دایه كتێبخوێنی ڕاسته‌قینه و ئاستی ڕه‌گئاژۆبوونی مه‌عریفه‌ی كتێب و فه‌زای كتێبخانه، له ناخی كه‌سی خوێنه‌وار و كتێبخوێندا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام مخابن بۆ به‌شێكی زۆر له چالاكانی بواری كولتوور و ڕۆشنبیریی ئێمه، كتێب هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه پێشتر پێمان ده‌گوت "ئه‌لمۆده"، واته جۆره فیگه‌ر و ژێستێك كه كه‌سه‌كه ده‌یه‌وێت خۆیمان له ڕێگه‌یه‌وه پێ بنوێنێت. له دیالیكتیكی نێوان كتێب و كتێبخوێنه‌وه، واته فه‌زای كتێبخانه و كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌بێت جۆره ده‌ربه‌ستییه‌ك بێته كایه‌وه، كه‌سی ڕۆشنبیری كتێبخوێن له ئاست ئازار و پێویستی و دۆخی كۆمه‌ڵگه ڕابگرێت، ده‌بێت هاوكات كه ده‌زانێت له هه‌مبه‌ر كتێبدا چۆن داده‌نیشێت و چ ئه‌ته‌كێتێك ڕه‌چاو ده‌كات، له هه‌مبه‌ر كتێبخوینیشدا بزانێت چۆن ده‌رده‌كه‌وێت و چ ده‌پۆشێت.
له‌م ڕۆژانه‌دا خاتوونێك به‌ناوی چالاكیی جۆراوجۆره‌وه كه هه‌موو بواره‌كانی داوه‌ته‌به‌ر، له ڕاهێنانی یۆگاوه بگره تا فێركاریی كارگێڕی و ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه و زمان و له هه‌موو په‌یجه‌كانیشدا و هه‌موو كات و ساتێك ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌رنجی به‌شێك له به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی بۆ ئه‌و هه‌موو لیره و زێڕه‌ی كه له گه‌ردنی ناسكی ئاڵاندووه ڕاكێشاوه! جیاواز له‌وه‌ی ئێمه ده‌بێت له‌م خاتوونه بپرسین كه جه‌نابت له مانگێكدا ٣٠ ڕۆژی به ته‌واوی له‌سه‌ر شاشه‌ی، كه‌ی كاتت ده‌بێت بۆ خوێندنه‌وه؟ كه‌ی ده‌چیته‌وه خزمه‌ت كتێب؟ ئایا ئه‌م هه‌موو كاوێژكردن و مه‌عریفه سواو و به‌سه‌رچووه، خۆتی ماندوو نه‌كرد؟ ده‌بێت بشپرسین له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه به ئاستی خۆی پاڵه‌په‌ستۆی ئابووری و بڕینی بودجه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی داگیركاری عێراقی له‌سه‌ره، خه‌ڵكێكی زۆر هه‌ن كه ناتوانن ژیان بۆ كوڕ و كچه‌كانیان ڕێكبخه‌ن، جه‌نابت چ جۆر مه‌عریفه‌یه‌كت پێیه كه له باتی پێگه‌یاندنی مه‌عریفی كۆمه‌ڵگه و به‌هادان به دیسیپلینه ده‌روونی و مه‌عنه‌وییه‌كان، نمایشی جامخانه‌یه‌كی زێڕفرۆشی به گه‌ردنته‌وه ده‌كه‌ی؟ ئایا ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه نییه كه خوێندنه‌وه هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ئه‌خلاقی ئینسانی و ده‌ره‌وه‌ستیت به مرۆڤبوون له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پڕ زام و برین به مێژوویه‌كی خوێناوییه نه‌كردووه؟
ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی كه جه‌نابت بانگهێشتی كراوی، به‌رنامه‌ی نمایشكردنی زێڕ و گه‌ردنی بڵند و نه‌وی بێت، ئه‌وه قه‌یناكه و ئاساییه، به‌ڵام له به‌رنامه‌یه‌كی كولتووری و ڕۆشنبیریدا چ حه‌وجێیه‌ك به‌وه‌یه له پاڵ ئه‌ده‌ب و ستاتیك و په‌روه‌رده، نمایشی زێڕ و خشڵ و زیو بكرێت؟. پێم وایه ئاوه‌ها ڕٶژنامه‌نووسانێكی ژن، ده‌بێت یه‌كه‌مجار بۆشاییه‌كانی ده‌روونی خۆیان پڕ بكه‌نه‌وه، جا بێنه سه‌ر شاشه و ئامۆژگاریی خێزان و منداڵ و بنه‌ماڵه‌كانی ئێمه بكه‌ن و وانه‌ی خواروخێچی ڕۆشنبیرانه‌یان پێ بڵێنه‌وه! هیچ حاشا له ڕۆڵی ژیرانه و بوێرانه‌ی زۆر خاتوونی به‌رز و شه‌ره‌فمه‌ند و ده‌وڵه‌مه‌ند به ماده و زه‌ینیشه‌وه ناكرێت كه خزمه‌تیان به ڕۆشنبیری و كولتووری كوردستان كردووه، بۆیه حه‌ق وایه ڕه‌خنه‌گرانه چاو له ئاوه‌ها ده‌ركه‌وتنانێكی نابه‌جێ و نمایشكارییه‌كی ناپێویست بڕوانین.