خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ رۆمانی "پێشه‌وا قاقا پێده‌كه‌نێ"
عادل قادری
كلیلی وشه‌كان: مێژوو، كۆمه‌ڵگه، ئه‌كت، ژنانه، پیاوانه، ئه‌ڵقه‌ی زه‌مانیی، سه‌رهه‌ڵگرتن
"پێشه‌واش به سه‌رسوڕمانه‌وه سه‌یری هه‌موومانی كرد و وه‌ها كه پێی وا بێت شتێكی ناخۆش ڕووی داوه، وه‌ك هه‌میشه له‌بری گریان، قاقا پێكه‌نیوه.
(دكتۆر نه‌ماوه نهمانبردبێت)
دایه په‌ری به‌هه‌ر كه‌سێك یه‌كه‌م جار پێشه‌وای ده‌بینی و به‌لایه‌وه سه‌یر بوو منداڵێك له‌بری گریان پێده‌كه‌نێ، ئه‌مه‌ی ده‌گوت و ئاوا درێژه‌ی پێ ده‌دا: (ئه‌ڵێن له سكوماوه وا بووه و هیچی له‌گه‌ڵ ناكرێت)
دكتۆره‌كان ده‌یانگوت: پێكه‌نین ده‌رمانی هه‌موو ده‌ردێكه.
ده‌رمانی ده‌ردی پێشه‌وا پێكه‌نین نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌رده‌كه خۆی بوو، ده‌ردی بێده‌رمان، ده‌ردێك كه هه‌موومانی ئازار ده‌دا، به‌تایبه‌ت مه‌حیا.
مه‌حیا ده‌یگوت: ده‌نگی ئه‌و دیارییه ناپاكه ببڕن.
پێشه‌وا قاقا پێده‌كه‌نێ، رۆمان، ل 130، كاوان نه‌هایی، چاپه‌مه‌نی مانگ، زستانی 2018.
-كۆمه‌ڵگه و نه‌ریته‌كانی له‌ناو مێژوودا شكڵ ده‌گرن و باڵا ده‌كه‌ن، مێژوویش به كۆمه‌ڵگه‌وه چه‌رخه‌كه‌ی ده‌سووڕێت و ئاراسته‌ی بۆ دیاریی ده‌كرێت، له‌م نیگایه‌وه ئاسان نییه سه‌رێتیی و باڵاده‌ستیی یه‌كیان به‌سه‌ر ئه‌ویتردا بسه‌لمێنین، به‌ڵام ئه‌م دووانه له ساتهوهختانێك به مانای یه‌ك دێن و له یه‌كتر جیا ناكرێنه‌وه، ئه‌وه‌ی له‌م هاوكێشه‌یه‌دا گرینگه، دیالیكتیكی كۆمه‌ڵگه و مێژوو یان تا و رووداوه‌كانی ناو سه‌رده‌مێكی دیاریكراو یان دیارینه‌كراوی مێژووه، واته لێره‌دا ئه‌كتی بكه‌ر و چالاكیی تاك ده‌توانێ ئاراسته‌ی مێژوو دیاری بكات و به‌م دیده‌ش ئێمه له‌و روانینه قه‌ده‌ری و دیترمینیستییهی بۆ ره‌وتی جه‌بریی و تۆپزیی مێژوو هه‌یه مه‌ودا ده‌گرین و سه‌رێتی به ئه‌كتی بكه‌ر و هه‌بوونی سووژه ده‌ده‌ین.
لێره‌دا ئیتر مێژوو سووژه و ئه‌كتی بكه‌ر دیاریی ده‌كات، ئه‌م ململانێ و هاوكێشه‌یه له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیی كوردیدا فۆرمگه‌لێكی جۆراوجۆری تاقی كردووه‌ته‌وه كه زۆربه‌یان دهستهوسهتانی و شێوه‌یه‌ك له ملدان به سێبه‌ر و قه‌ڵافه‌تی بوونه‌وه‌رێك به‌ناو مێژوون. جۆرێك قه‌ده‌ر.- له‌م رۆمانه‌دا مێژوو له ئه‌ڵقه‌یه‌كی دووپاتكراوه و سه‌پاو و بیره‌وه‌رییانه هه‌ر دێته‌وه و یاده‌وه‌ری و جیهانبینینی "مه‌رجان" داگیر ده‌كات، مه‌رجان وه‌ك ته‌مه‌ن (ژماره) ئیتر منداڵ نییه، به‌ڵام منداڵی و رووداوه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه و له گه‌وره‌ییشدا ئۆباڵی ئه‌ستۆی ده‌بن، ئه‌و له تارمایی و تاپۆیه‌ك ده‌چێت كه له رابردوو و ئێستهیشدایه، هێز و وزه‌ی بژاردهكردن و ئه‌كتی هه‌ڵبژاردنی له سیحری و ئه‌فسوونی وێنه‌كانی منداڵی و رابردوو و رووداوه‌كانی سست ده‌بێ، دواجار ئه‌كت و كرده‌ی ئه‌و بۆ ده‌رباز بوون له‌م "ئه‌ڵقه زه‌مانییه" سه‌رهه‌ڵگرتن و رۆیشتن به‌ره‌و نادیاره، به‌ڵام پێشه‌وا به‌رده‌وام قاقا پێده‌كه‌نێ!----
هه‌میشه لام پرسیار بووه كه پیاوێك له پله‌ی گێڕه‌ره‌وه چه‌نده ده‌توانێ باسی دنیای ژن و ئازاره‌كانی به زمانێكی تایبه‌ت به دنیا-ژینی پیاوان له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ك خۆمان بكات؟ ئازاره‌كانی ژن وه‌ك ئه‌و واقیعه‌ی هه‌یه نه‌ك وه‌ك ئه‌و وا نوێنراوه زمان و دروشم و قسه به بریق و باقه‌ی كه خه‌یاڵدان و نه‌ریته شیعراوییهكانی ئێمه باسی ده‌كه‌ن!
"پێشه‌وا قاقا پێده‌كه‌نێ" له زمانی یه‌كه‌م كه‌سی تاكه‌وه گێڕه‌ره‌وه‌ی ئازار و "ڕابردوو"یه‌كه كه ئێسته له كۆڵ "مه‌رجان" نابێته‌وه و "داهاتوو"یش دیار نییه چی ده‌دا به كۆڵیا. له 225 لاپه‌ڕه‌ی ئه‌م رۆمانه‌دا جگه له چه‌ند شوێن كه باسی پێنجشه‌م و سێشه‌م ده‌كرێت، "زه‌مان" ونه و له كیس چووه یان جۆره ده‌ركه‌وته‌یه‌كی هه‌یه كه زه‌مان ئه‌به‌دییه، به‌و واتایه‌ی مانایه‌كی نییه، ڕابردوویه‌ك (زه‌مان) هێنده دووپات بووه‌ته‌وه كه ئیتر زه‌مان نییه و شێوازێكه له جه‌بر و قه‌ده‌ر. پێویست به گوتن ناكات كه ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ڕۆمانه قورسایی خستووه‌ته سه‌ر ره‌هه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی-خێزانیی له سه‌رده‌مێكی دیاریكراو و بۆ سه‌رده‌مێكی دیارینه‌كراوی مێژووی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
دیاریكراو له قۆناغ و سه‌رده‌می شۆڕشی گه‌لانی ئێران و دیارینه‌كراو وه‌ك ئه‌و "داهاتوو"هی له به‌رده‌م هه‌ر كام له كاره‌كته‌ره‌كان و به‌تایبه‌تی مه‌رجاندا ده‌كرێته‌وه و ئێمه ئه‌مانه له "ئێسته"ی گه‌ڕانه‌وه‌ی كاتیی مه‌رجان بۆ ماڵی باوهپیارهكهی و سه‌ردانی دایه په‌ری فام ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌رچی وه‌ك رۆژ و كات هیچ ره‌هه‌ندێكی زه‌مانیی ورد ده‌ستنیشان ناكرێت، به‌ڵام رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و گیران و كوشتنی ساڵه‌كانی سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لانی ئێران و كۆچه گه‌وره‌كه به‌ره‌و مه‌ریوان و... ئاراسته‌یه‌كی زه‌مانیی چیرۆكانه‌مان بۆ دیاری ده‌كه‌ن.
كه‌م نین ئه‌و ده‌قه چیرۆكانه‌ی كه خه‌م و ئازاره نادیار و دنیا تاریكه‌كانی ژن له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بگێڕنه‌وه، نموونه‌ی كاره‌كانی عه‌تا نه‌هایی كه له‌و ڕووه‌وه زه‌ق و دیارن ئه‌گه‌رچی فۆرمی گێڕانه‌وه‌ی عه‌تا نه‌هایی جیاوازه و ئه‌وه‌نده به زه‌قی خۆی نه‌خستووه‌ته جێی ره‌گه‌زی مێوه و نه‌بووه به زمانی دنیا-ژینهكانیان، باكوو له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه ڕوانیبێته گوڵ، عه‌شق، ئازار، جوانی، خه‌نجه‌ر و قه‌ده‌ر.
فۆرمی گێڕانه‌وه‌ی "پێشه‌وا قاقا پێده‌كه‌نێ" له زمانی یه‌كه‌م كه‌سی تاكه‌وه كه كچێكه ده‌ست پێ ده‌كات و به‌شێوه‌ی فلاش باك له نێوان "رابردوو" و "ئێسته" به هه‌ناوی كۆمه‌ڵێك گفتوگۆ و پێوه‌ندی و مشت‌ومڕ و ڕووداودا تێده‌په‌ڕێ و به‌ره‌و داهاتوویه‌ك ده‌چێت كه رابردوو وه‌ك دۆڵپا و مۆته‌كه‌یه‌ك سواری بووه.
ئه‌م ڕۆمانه پڕه له گفتوگۆی ورد و ناسك و منداڵانه و له زۆر شوێن ته‌نز و ته‌وسێكی منداڵانه و له زۆر شوێنیش زبری و توندوتیژیی زمانی گه‌وره‌كان و كولتووری كوردی به زه‌قی پێوه دیاره، تهوسیفاتێكی زۆری تێدا نییه و شوێن و كه‌سه‌كان و رووداوه‌كان بۆ خۆیان خۆیان مانیفێست ده‌كه‌ن و له چه‌ندان شوێن كه مۆنۆلۆگی مه‌رجان له‌گه‌ڵ خۆیه خه‌یاڵكردنی مه‌رجان تهوسیفات و خۆوێناكردنێكی تایبه‌ت و ورد و ناسكی پێوه دیاره كه خاڵێكی گه‌ش و سه‌ركه‌وتووی رۆمانه‌كه‌یه.
له ڕووی پێكهاته‌وه رۆمان زمانێكی ره‌وان و نه‌رمی هه‌یه و رسته و گفتوگۆی زیاده‌ی تێدا نابینیته‌وه، بوتیقای ئه‌م به‌رهه‌مه زۆر پته‌و و پێكه‌وه به‌ستراوه.. لێره‌دا و له‌ڕێی ئیستاتیكای گێڕانه‌وه‌وه ژانه‌كان جاویدان ده‌كرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی برینی نیگایه‌ك.. له برینی چه‌قۆیه‌ك.. برینی ئایدیا و نه‌ریتێك له برینی زله‌یه‌ك جیا بكرێنه‌وه و و ئه‌م به‌رهه‌مه ئه‌وه‌ی كردووه.
خاڵێكی تری جیاواز و سه‌رنجڕاكێش كه لێره‌دا هه‌یه و ده‌توانم بڵێم له كاری كاك عه‌تا نههاییشدا هه‌یه وه‌ك ناوهڕۆك، گێڕانه‌وه‌ی شكسته له‌ناو ڕابردوویه‌ك كه ئێسته تێیدا ده‌ژین و له ئێستهیهك كه دواتر ده‌بێت به رابردوو و داهاتووش! كهسهیاتییهكان به جۆرێك سێبه‌ر و چڕنووكی چه‌شنێك له رابردووی لاسار و بهسهرنهچوویان به سه‌ره‌وه‌یه كه ئایدیای قه‌ده‌ریی و جهبریبوونیی زه‌مانمان له لا به‌رجه‌سته ده‌كه‌نه‌وه.. كه هه‌مان ڕابردووه.. ده‌توانین ناوی بنێین شكسته سیاسییه‌كان.. دواكه‌وتووییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.. نه‌ریته‌كان.. یان هه‌رچیتر.
"پێشه‌وا" نیشانه‌ی زه‌قی قه‌ده‌رێكه كه له‌باتی گریان پێده‌كه‌نێ.. له‌باتی هاوار پێده‌كه‌نێ.. له‌باتی چێژ پێده‌كه‌نێ.. ره‌نگه پێشه‌وا ئه‌و قه‌ده‌ره نه‌گریسه بێت كه داهاتووی مه‌رجان له ڕابردوویهكدا قه‌تیس ده‌كات كه قه‌ت نابێ به ئێسته و ناچنه باوه‌شی داهاتوویه‌كی تازه‌شه‌وه.. ئه‌ڵقه و داوێكی زه‌مانیی كه سه‌ره‌كه‌ی له ژیانی منداڵیی مه‌رجان و هاوڕێیه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی له‌گه‌ڵ به‌دری و دایه په‌ری و نه‌نه حۆری و مه‌حیا و هاجه‌ر و ئازاد و.. پووره مه‌له‌ك و مهلیعا و باوه عه‌به و كاكه سواره و كاكه سه‌یوان ده‌ست پێ ده‌كات و به گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌ك دوایه‌مین سه‌ردان بۆ ماڵی باوه‌پیاره‌ی و سه‌ردانی گۆڕستانی شار و گه‌ڕان به‌دوای كتێبفرۆشیی سه‌رایی، ده‌گاته ئه‌و سه‌ره‌كه‌ی و داده‌خرێت.
ئه‌گه‌رچی هه‌ڵهاتن و سه‌رهه‌ڵگرتنی مه‌رجان له كۆتایی رۆمانه‌كه شكاندنی ئه‌م بازنه و ئه‌ڵقه‌ی زه‌مانییه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه داهاتوویه‌كه ئێمه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق ده‌توانین وێنای بكه‌ین و بۆ خۆمان بیگێڕینه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناتوانین حاشا له‌وه‌ش بكه‌ین كه سه‌رهه‌ڵگرتنی مه‌رجان یان بڕیاری سهرههڵگرتنهكهی بۆ خۆی ئه‌كت و كرده‌یه‌كه دژی ڕابردوو و ئه‌و قه‌ده‌ری پێكه‌نینه‌ی كه بازنه‌یه‌كی زه‌مانیی به ده‌وری خه‌ون و خولیا و حه‌ز و منداڵی و كچێنی و هه‌موو شتێكیدا كێشاوه و زه‌مانی لێ ون كردووه.
له‌ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه خاڵێكی تری سه‌رنجڕاكێش و تا ئاستێك ره‌خنه‌یی دژیی ئه‌و واقیعه‌ی ئێسته‌ی ئێمه، گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌رجانه له شاخ و هاوسه‌رێتی له‌گه‌ڵ هاوڕێ مه‌تین. مه‌رجان پاش لێدان و بن پژان و تكانی خوێنی بیكارهتی به‌هۆی لێدانی باوهپیارهیهوه (مه‌حیا) وه‌ك تارماییه‌ك رێی له شاخ و شۆڕش ده‌كه‌وێت، له‌وێ هاوڕێ مه‌تینی شۆڕشگێر گیرۆده‌ی ده‌بێت و پشت ده‌كاته شۆڕش و شاخ و مه‌رجان هه‌ڵده‌بژێرێت و هاوڕێ مه‌تین ده‌بێت به ئاغای مودیر، واته جۆرێك له ته‌واب و هه‌ڵگه‌ڕاوه، كاسبێكی سهركهوتوویشی لێ ده‌رده‌چێت و ژیانێك بۆ خۆی و مه‌رجان پێكه‌وه ده‌نێت و "باران"یشیان ده‌بێت، به‌ڵام مه‌رجان له‌م ژیانه‌ش هه‌ڵدێت.. شوناسی مه‌رجان له نێوان پینۆكیۆ و بزن و مینی بووس و كه‌لانه و حاجی له‌قله‌ق و فڕین‌دا گه‌مارۆ دراوه و رۆیشتن و هه‌ڵهاتن به‌ره‌و داهاتوویه‌كی نادیار چاره‌نووسیه‌تی.
داهاتوویه‌ك كه هیچی دیار نییه، به‌ڵام ڕابردوو جێ دێڵێت.. ئاسۆی وردی چاره‌نووسی مه‌رجان له‌م رۆمانه‌دا هه‌ڵهاتن له‌و شكست و رابردووه‌یه. ئه‌گه‌رچی كاتی سه‌رهه‌ڵگرتنی و پشتكردنه ڕابردوو له په‌نجه‌ره‌كه‌وه ده‌بینێ كه "پێشه‌وا قاقا پێده‌كه‌نێ"!
"بایه‌كی توند له‌ناو كۆڵانه‌كه هه‌ڵیكردبوو. گرێی له‌چكه‌كه‌م توند كرد و چمهدانهكهم هه‌ڵگرت. به‌ر له‌وه‌ی هه‌نگاو هه‌ڵێنمه‌وه له ناو په‌نجه‌ره‌كه‌دا پێشه‌وام بینی كه قاقا پێده‌كه‌نی." ل225
ره‌نگه ئه‌گه‌ر به تێڕوانینێكی شكستناسانه و نیهیلیستی رۆمانه‌كه بخوێنینه‌وه، چاوه‌ڕوانیمان زیاتر بێت له‌وه‌ی رووداوه‌كان كاره‌ساتاوی تر و تراجیكتر له‌وه‌ی هه‌ن، لانیكه‌م له ڕووی فۆرم و جه‌مسه‌ری رووداوه‌كان- كێشه‌كان زۆر فهردیتر بكرێنه‌وه و ته‌نیا له چه‌قی خێزان و بنه‌ماڵه‌وه یه‌خه‌ی تاك نه‌گرێت- ده‌ربكه‌ون. هه‌ر چه‌ند پێم وایه ئێمه زۆر ناتوانین تێڕوانین و بینشی نووسه‌ر بخه‌ینه ژێر پرسیار ئه‌وه‌نده‌ی ده‌توانین له‌سه‌ر فۆرم و بیچمبه‌ندی كار و ده‌قه‌كه‌ی بدوێین. ئه‌گه‌ر به دیدی بهراوركاریشهوه هه‌ڵیسه‌نگێنین، ره‌نگه نه‌توانین وه‌ك ڕووداوێكی تازه لانیكه‌م له ئه‌ده‌بی چیرۆكیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان باسی بكه‌ین.