کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێ ده‌وڵه‌ت و داگیرکراو، به‌رده‌وام ناکامی و شکست و هاوکات خه‌ون و سه‌رکه‌وتنه‌کانی، له ئاسته جۆراوجۆره‌کاندا له پانتایی ئه‌ده‌بدا گێڕاوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچی ئه‌ده‌بی ئێمه بێبه‌ری نییه له کۆمه‌ڵێک لاوازی و که‌موکووڕی، به‌ڵام له کۆمه‌ڵێک ئاستدا دره‌وشاوه‌یە و به به‌راورد له‌گه‌ڵ دۆخه‌که‌ی، توانیویه‌تی گوزارشت له دۆخی ژین و ژیانی خۆی بکات، جوانناسییه‌ک به‌رهه‌م بێنێت که نوێنه‌ری دۆخی ئه‌و وه‌ک مرۆڤ بووه و ده‌کرێ بڵێین تا ئاستێك توانیوێتی به‌رهه‌مهێنی خه‌م و ئازاره‌کانی مرۆڤ له سۆنگه‌ی خه‌م و ئازاری خۆیه‌وه بێت.
دیاره سیاسه‌تی زاڵی نێوده‌وڵه‌تی دۆخێکی بۆ کورد خواقاندوە كه ئه‌ده‌به‌که‌ی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌رهاوێشته سیاسییه و له فۆرمی ئه‌ده‌بی به‌رگریدا خۆی ده‌ربڕێ. ئه‌ده‌بی به‌رگربی وه‌ک ده‌رکه‌وته‌یه‌ک له ئه‌ده‌بی جه‌نگ، ده‌کرێت بخوێنرێته‌وه. به‌پێی پێناسه‌یه‌ک "ئه‌ده‌بی جه‌نگ به ئه‌ده‌بێک ده‌گوترێت که ده‌په‌رژێته سه‌ر دیارده‌ی جه‌نگ یا کاریگه‌رییه ناڕاسته‌وخۆکانی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگە و مرۆڤه‌کان – وه‌ک دۆخی پشته‌وه‌ی به‌ره‌ی جه‌نگ، کاریگه‌ریی جه‌نگ له‌سه‌ر شوێن و ژینگه و که‌سانی مه‌ده‌نی و خه‌ڵکی ئاسایی، به‌دواداهاته‌کانی جه‌نگ وه‌ک قاتوقڕی، هه‌ژاری، بێ‌کاری و... ده‌گێڕێته‌وه".
به سه‌رنجێکی خێرا و هه‌ڵوێسته‌یه‌کی کورت له‌سه‌ر مێژووی کورد و دۆخی کورد له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م و ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی 20دا (پاکتاوی ڕه‌گه‌زی، سێدارە گشتییه‌کان، کیمیاباران، ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه، کۆڕه‌و، ڕاگواستن، قاڕنێ و قه‌ڵاتان و...) به سه‌ری هاتووه، ده‌توانین دۆخێکی جیاواز و پۆلێنبه‌ندییه‌کی سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌ده‌بی جه‌نگیی کورد قایل بین، لانیکه‌م وه‌ک هه‌وڵێک ده‌توانین هێڵ و تایبه‌تمه‌ندیی بوونی مێژوویی و ئه‌ده‌بی و زمانی کورد له‌ناو دۆخی جه‌نگیدا دیاری بکه‌ین.
ئه‌گه‌ر چاوێکی خێرا بخشێنینه مێژووی کۆن و نوێی کورد، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌م ئه‌ده‌به ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌میشه بێگومان زۆربه‌ی کات له دۆخی جه‌نگیدا بووه، هه‌ڵبه‌ت به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌ده‌بی جه‌نگ ته‌نیاو ته‌نیا نه‌به‌ستینه‌وه به جه‌نگه گه‌وره‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مەوە. ئه‌ده‌بی ئێمه هه‌ر له پارچه‌نووسراوه‌ی (هورموزگان) که له باشووری کوردستان دۆزراوه‌ته‌وه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی یه‌که‌می کۆچی، تا "مه‌م و زین"ی خانی و به‌یت و ڕۆمانی "قه‌ڵای دمدم"ی عەره‌ب شامیلۆڤ و ڕۆمانی "پێشمه‌رگه"ی د. ڕه‌حیمی قازی و "ئافات و گۆڕستانی چراکان"ی شێرکۆ بێکه‌س و "سه‌ره‌تانی براکوژی" عه‌بدوڵا په‌شێو و ده‌یان و سه‌تان به‌رهه‌می دیکه، پێویست به ڕیزکردنی ناویان ناکات، ئه‌ده‌بێک بووه له‌ناو دۆخی جه‌نگیدا. هاوكات دۆخی مرۆڤی کورد به‌رده‌وام له ئاواره‌یی و په‌ڕینه‌وه و گرتن و لێدان و کوشتن و شه‌ڕ و فڕۆکه و پێشمه‌رگایه‌تیدا بووه.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م نه‌هامه‌تی و مه‌ر‌گه‌سات و دابڕان و ئه‌نفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و ئاسیمیله و ته‌فریس و ته‌عریب و تەتریكە، هێشتا ئێمه له ڕووی تیۆرییه‌وه نه‌مانتوانیوه ژانرێکی تایبه‌ت به خۆمان مانیفێست بکه‌ین. بۆ نموونه، ژانری کاره‌سات یان شه‌هید یان ... ڕه‌نگه وه‌ک نموونه‌ی ده‌ق به‌شێکی زۆری کاره ئه‌ده‌بییه‌کانی شێرکۆ بێکه‌س و عه‌بدوڵا په‌شێو له لووتکه‌ی ئه‌م نموونانه‌دا بن، به‌ڵام وه‌ک ده‌سته‌واژه و باڵ یان ژانرێکی ئه‌ده‌بی، ئێمه زۆر که‌مته‌رخه‌م و کۆڵه‌وار بووین، بۆیه وه‌ک چۆن له سه‌رده‌می شاخدا و به‌پێی ئه‌زموون و ژینگه‌ی شاعیرێتی و پێشمه‌رگایه‌تی که‌شکۆڵه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی شێرکۆ بێکه‌س وه‌ک ده‌ق و ده‌سته‌واژه هاتنه ئاراوه و هێنده‌یش پڕ و پاراو بوون که به‌شێکی زۆری ئه‌و پۆلێنبه‌ندییانه واته هه‌ر له ئه‌ده‌بی گیراوان له قه‌سیده‌ی ته‌قینه‌وه تا ئه‌ده‌بی ناوخۆ له "کۆتایی داستانێ (بۆ شه‌هید غه‌ریب هه‌ڵه‌دنی)" تا ئه‌ده‌بی پشته‌وه‌ی شه‌ڕ له گۆڕستانی چراکان و کورسی تا ئه‌ده‌بی به‌رگری نیشتمانی وهتد... له شانۆنامه‌ی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر تا ئه‌ده‌بی دژه‌جه‌نگ له کتێبی ئافات و هه‌تا دوایی.
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌ده‌بی جه‌نگ، داکۆکیی زۆر و زه‌به‌ندێتی له‌سه‌ر ناوه‌رۆکخوازی و ماناته‌وه‌ری، بۆیه له زۆربه‌ی پارچه‌کانی کوردستان و به تایبه‌تی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور، دۆخی جه‌نگی له زۆر له قۆناغه‌کاندا هاوکات بووه و زه‌وینه و به‌ستێنی هاوبه‌ش و ئاڵۆزیان هه‌بووه و له‌م ڕووه‌وه یه‌ک جیاوازیی گرینگ ده‌بینرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌ده‌بی جه‌نگ یان دژه‌جه‌نگی باشوور، زیاتر له شاخ و ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌دا بوون، باڵای کرد و دواتر دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 91 و دامه‌زراندنی حکوومه‌تی کوردیی، ئاڕاسته‌ی تری له ڕه‌خنه‌گرتنی شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری و نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی و گوتاری ناسیۆنالیزم ده‌ست پێ کرد.
به‌ڵام له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پاش ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له تاران به‌هێز ده‌بێ و هێزه کوردییه‌کان له کوردستان ده‌چنه ده‌ره‌وه و هێزه‌کان بۆ تیانه‌چوونی چاره‌نووسی خه‌ڵک له شاره‌کان و ئه‌و ناوچانه‌ی ئازادیان کردبوو، کشانه‌وه. ئه‌ده‌بی ڕۆژهه‌ڵات پێوه‌ست به دۆخی جه‌نگییه‌وه، دوو ئاڕاسته‌ی وه‌رگرت
1_ ئه‌ده‌بێک که ئاڕاسته‌یه‌کی ڕاشکاوی به‌ره‌و شاخ و ڕاسان و ڕاوه‌ستانی ڕاسته‌وخۆ دژی داگیرکه‌ر وه‌رگرت
2_ ئه‌ده‌بێک که له ژینگه‌یه‌کی شاری، به‌ڵام له‌ناو ترس و فۆبیایه‌کی ئه‌منی و لێكەوتە و بیره‌وه‌رییه‌کانی جه‌نگ و برینه‌کانی جه‌نگ و چه‌وساندنه‌وه ڕاسته‌وخۆ و نێزیکه‌کانی داگیرکه‌ردا ده‌ژیا، به که‌ڵکه‌ڵه و په‌له‌قاژه‌یه‌کی ئاڵۆزی شوناسته‌وه‌رانه‌وه.
ئه‌م فه‌زا و دۆخه خۆی دوو گوتاری دروست کردووه؛
1-گوتارێک که ڕاسته‌وخۆ ده‌په‌رژێته سه‌ر ئه‌ده‌بی شاخ و هێماکانی.
2-گوتارێك که به یارمه‌تی میتافۆڕ و ته‌کنیک و فیگۆره جۆراوجۆره ئه‌ده‌بییه‌کان، هه‌وڵ ده‌دات له چاودێری و دا‌و و تۆڕه‌کانی ده‌سه‌ڵات خۆی ده‌رباز بکات. ئه‌مه نه‌ک ته‌نیا کرده‌وه‌یه‌کی ئاسایی شاعیر و نووسه‌رانی شاره، به‌ڵکوو له هه‌ندێ حاڵه‌تیشدا بووه به‌هۆی چه‌ندتوێ و فره‌ڕه‌هه‌ندبوونی ده‌قی ئه‌ده‌بی و ته‌ئویلهه‌ڵگری و فره‌خوێندنه‌وه‌یی.
ئه‌م دۆخه گشتییه‌ی جه‌نگ و مه‌ودای نیوان شاخ و شار، خۆی دوو جۆره گوتاری ڕه‌خنه‌یشی دروست کردووه که له هه‌ندێ حاڵه‌تدا ڕووبه‌ڕووی یه‌کتر ده‌بنەوە. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر باسی جۆرێک دابڕان له نێوان شاخ و شاردا، ئه‌وا هێڵ و سه‌ره‌داوه‌کانی لێره‌دا ببینینه‌وه.
به‌هه‌رحاڵ، باسی من لێره‌دا له‌سه‌ر ئه‌زموونی ئه‌ده‌بیی شاخه که ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام له دۆخی شه‌ڕ و چه‌کدارییانه‌ی جه‌نگدا نه‌بووبێت، ئه‌وا به‌رده‌وام له حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدا بووە بۆ جه‌نگ و سێبه‌ری جه‌نگ باڵی به‌سه‌ر ژیان و هه‌ناسه‌دانیدا كێشاوە و دواتر دۆخی که‌مپنشینی و ئۆردوگانشینیشی به‌سه‌ردا سه‌پاوه. بۆیە ده‌بێ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌مانه هه‌ڵوێسته بکه‌ین تا ئه‌ده‌بێک که ڕاسته‌وخۆ له‌ناو فیشه‌ک و تفه‌نگ و دووکه‌ڵ و دڵه‌ڕاوکێ و که‌مپ و ترس و هیوا و خه‌بات و گیانبازیدا باڵای کردووه، باشتر بناسین.
ده‌توانم بڵێم، ژیانی شاخ و پێشمه‌رگایه‌تی و ژینگه‌ی مانایی شاخ و پێشمه‌رگایه‌تی، جۆره جیهانبینییه‌کی دروست کردووه که له هه‌مانکاتدا دژه‌جه‌نگه له‌پێناو ڕزگاریشدا ده‌جه‌نگێ و ئاشتی ده‌وێت، به ده‌گمه‌ن ئێمه ئه‌ده‌ب واته شیعر یان په‌خشانێکی وا بدۆزینه‌وه خه‌ونی داگیرکردن و ڕه‌تکردنه‌وه و سڕینه‌وه‌ی ئه‌ویتری هه‌بێت.
ئێمه له جیهان – ژینی جه‌نگدا به‌خته‌وه‌رانه یان نابه‌خته‌وه‌رانه زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندین، ئه‌مه ده‌توانێت هه‌م بۆ دۆزی خۆمان وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک که وڵاته‌که‌ی بووه به کۆڵۆنیالێکی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌م بۆ پاراوبوونی ئه‌ده‌بمان له گه‌یاندنی مانا و جیهانبینی و سوبژێکتیڤیته‌ی خۆمان، که‌ڵکی لێ وه‌ربگرین.