نووسه‌ر و وه‌رگێڕی ڕه‌وانشاد؛ عه‌زیز گه‌ردی یه‌كێك له‌وانه‌یه كه ئێمه و زمانی كوردی قه‌رزارباری خۆی كردووه و پێویست ناكات له‌م یادداشته‌دا من بپه‌رژێمه سه‌ر ئه‌و بابه‌ته. ئه‌گه‌ر سه‌رنجی نووسین و وه‌رگێڕانه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره بده‌ین، تێده‌گه‌ین كه كه‌مترین هه‌ڵه و په‌ڵه و خوار و خێچی له زمان و ڕێنووس و داڕشتنیدا ده‌بینینه‌وه، كاتێك نووسه‌رێك به‌و وه‌سواسی و په‌رۆشییه‌ی بۆ وشه و پیت و فاریزه و خاڵبه‌ندیی ئاوه‌هایه، بێگومان حاڵی ئێمه‌ومانان گه‌لێك زاره! به‌ڵام چی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی تابلۆی ئاوا نه‌بینه‌وه، له كۆنفرانسێكدا كه بۆ زمان‌زان و زمانوانێكی له شێوه‌ی عه‌زیز گه‌ردیدا ڕیكخراوه: "كۆنفرانسی زانستی نێوده‌وڵه‌تی بیر و به‌رهه‌م و داهێنانی عه‌زیز گه‌ردی".
دیاره ئێسته ڕه‌نگه زۆرمان بزانین هه‌ڵه له كوێی نووسینی سه‌ر ئه‌م تابلۆ یان ..ه‌یه (له سه‌ردێڕی ئه‌م نووسینه‌مدا دروسته‌كه‌یم هێناوه)، چونكه به ده‌یان جار نووسه‌ران و زمانه‌وانان و ته‌نانه‌ت خوێنه‌رانیش له‌سه‌ری وه‌ستاون و نقه و بۆڵه‌یان كردووه. ده‌بێت ئیتر له‌سه‌ر ئه‌مه بوه‌ستین و پرسیار بكه‌ین كه بۆچی ئه‌م هه‌ڵه‌نووسییه هه‌ر دووپات ده‌بێته‌وه؟ له درێژه‌دا ده‌مه‌وێت هه‌ندێ هۆكاری گشتی باس بكه‌م و ئه‌مه‌ش ته‌نیا بابه‌تێكه بۆ گفتوگۆ و هه‌وڵدان بۆ ملدانمان به نووسه‌ر و شاعیر و خوێنه‌ر و... به ڕێنووسینی یه‌كگرتوو و لانیكه‌م یه‌كده‌ست (به‌شیوه‌ی ڕێژه‌یی)، تا گرنگترین مه‌ته‌رێز و سه‌نگه‌ری بوون و شوناسمان له پشێوی و پاشاگه‌ردانی دوور بخه‌ینه‌وه.
ئه‌وه‌ی تا ئێسته تێگه‌یشتووم ئه‌مه‌یه كه ڕێنووس له هه‌ردوو پارچه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور، هه‌ر كامه‌یان ده‌هۆڵی خۆی ده‌ژه‌نێت و ئه‌و شاعیر و نووسه‌ر و...انه‌ی وا گریمانه و هیوای ئه‌وه‌یان هه‌یه كه ڕێنووسێكی یه‌كده‌ست و كه‌متر كێشه‌دار له‌م به‌ریه‌ككه‌وتنه بدۆزنه‌وه و جێگیری بكه‌ن ژماره‌یه‌كی كه‌من، كه منیش ده‌گرێته‌وه! ئه‌و پاشاگه‌ردانی و گه‌ڕه‌لاوژێیه سه‌ره‌تا به‌شێكی له‌و دوالیزمه‌ی "ژن"-یان "ئافره‌ت"/"خوێندكار" یان "قوتابی"، واته دوو سیاسه‌تی حزبی و به‌پێی ئه‌وه‌ش دوو سیاسه‌تی زۆنگه‌را و زمان_شارچێتییانه‌ی باشووره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، دواتر فۆرمه خێڵه‌كی و شارچێتی و ناوچه‌چێتییه‌كه‌ی له هه‌ردوو دیوی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتیشدا چالاك كردووه.
به‌دڵنیاییه‌وه كاتێك باسی سیاسه‌ت و شێوازی به‌ڕێوه‌بردن ده‌كه‌ین، كۆمه‌ڵگه له هاوكێشه‌كه دابڕاو نییه، واته ئه‌و كۆمه‌ڵگه و جڤاكه كولتووری و ڕۆشنبیرییه‌ی كه نه‌ك ته‌نیا هاونه‌وا نییه و نه‌بووه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو یه‌كێك له ڕه‌خنه‌گره هه‌میشه و به‌رده‌وامه‌كانیشی بووه، خۆی به‌شێكه له‌م پاشاگه‌ردانی و گه‌ره‌لاوژێیه. واته دۆخی چه‌ند ڕێنووسیی له باشووری كوردستان، ته‌نیا گرێ نادرێته‌وه به ده‌سه‌ڵاته‌وه، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت ڕۆڵی كارای له جێگیركردن و په‌ره‌پێدانی ڕێنووسێكی یه‌كده‌ست (بێگومان له ئاستێكی ڕێژه‌ییدا) هه‌بێت.
ئێمه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا زۆر هه‌ڵه‌ی باوی ڕێنووسی و هاوكات هه‌ڵه‌ی ناباوی ڕێنووسیمان له‌سه‌ر تابلۆكانی فه‌رمانگه و تابلۆی ناو ڕێوڕه‌سمه‌كان و... بینیوه، ده‌یان نووسه‌ر و زمانه‌وانی دیار و خاوه‌ن ئه‌زموون له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و... ڕاستیان كردووه‌ته‌وه و ڕه‌خنه‌ئاژنگیان كردووه، كه‌چی هه‌ر دووپات و چه‌ندپات ده‌بێته‌وه و ئه‌مه‌ش وایكردووه هه‌م ئێمه و زمانه‌وانان و نووسه‌رانی دڵبه‌سوێی زمان و پیته‌كان، ماندوو بن و قسه‌كانیان بڕ نه‌كات و هه‌میش ببێته هۆكار و زه‌وینه‌یه‌ك كه ڕێنووس هه‌ر به‌م شێوه بێ‌باك و گوێلێخه‌واندنانه، ڕێی خۆی ببڕێت و به‌و هه‌ڵانه‌وه جێگیر بێت. له ناو ئه‌م هاوكێشه‌یه‌دا ڕۆڵی نووسه‌ران و شاعیران لانیكه‌م له ئاستی هه‌یمه‌نه‌ی میدیایی و ده‌زگاكانی نه‌شر و دنیای نووسیندا، ده‌توانێت كاریگه‌ر و ئه‌رێنی بێت، به‌ڵام نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانیش ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هاوتایه‌كی ڕه‌مزی و ئاوێنه‌ئاسای كایه‌ی سیاسیی ئێمه‌ن له باشوور، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین له ناو دنیایه‌ك له فره‌بۆچوونی و نایه‌كبینی و هاوكات هاوخه‌میی هاوبه‌شیشدا ده‌ژین.
مێژووی زمان و ڕێزمان و ڕێنووس پێمان ده‌ڵێت كه هیچ زمانێك تا ئێسته‌ش به‌سه‌ر هه‌موو كێشه و درزه‌كانیدا له‌و بوارانه‌دا به ته‌واوه‌تی زاڵ نه‌بووه، به‌ڵام جیاوازیی ئێمه له‌گه‌ڵ وڵاتانی تر كه له ڕووی سیاسی و ڕۆشنبیرییه‌وه سه‌ربه‌خۆ و دامه‌زرابوون و هه‌ن، ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان هه‌موو هه‌وڵێكی زانستی و مه‌عریفی و هاوكات پراكتیكی ده‌ده‌ن به‌سه‌ر ئه‌و درزه باگرانه‌دا زاڵ بن، به‌ڵام لای ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ده‌زانین له‌و درزانه‌وه خواره‌بای گێره‌شێوێن دێت، هه‌ر كه‌سه و خه‌رمانی وشه‌ی خۆی به شه‌نی خۆی شه‌ن ده‌كات و یاسا و ڕێساكان له كه‌مترین ئاستدا، پێڕه‌وییه‌كی گشتییان لێ ده‌كرێت و دیاره به‌شێك له پاساوهێنانه‌كه‌ش ئه‌مه‌یه كه گوایه، دیاریكردنی شێوازی نووسینی نووسه‌ران به‌شێك خۆی له خانه‌ی ڕێژه‌گه‌رێتیدا ده‌بینێته‌وه، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م پاساوه به‌شێكی ڕاسته، به‌ڵام ئه‌مه بۆ نووسه‌رانێكی وه‌ك گۆته و هایدگه‌ر و شێكسپیه‌ر و... ده‌پۆڕێت و به‌ڕاست ده‌گه‌ڕێت و ده‌شێت به پاساوی لۆجیكییه‌وه بزانن، بۆچی وا ڕێنووس به‌كار ده‌هێنین، نه‌ك بۆ هه‌موو نووسه‌رێك كه به‌هۆی چاپی كتێب یان نامیلكه‌یه‌ك، خۆی لێ بووه‌ته ڕێنووسخولقێن! یان نه‌ك ئه‌وه‌ش به‌هۆی هه‌ڵپه و گوڕوتینی جیهانی مه‌جازی بواری نووسینی وشه و ڕسته، به هه‌موو شێوازێك بۆ خۆی به ره‌وا ده‌بینێت.
بێگومان مه‌به‌ست ئه‌مه نییه كه نووسه‌ری ئێمه خاوه‌ن مه‌عریفه و ڕوانگه‌ی خۆی نییه بۆ ورده‌كاری و ڕێژه‌گه‌رێتییه‌ك له شێوازی نووسیندا (كه ده‌شێت هه‌بێت)، به‌ڵكو مه‌به‌ست لێدانه له‌و هه‌موو شێوازنووسییه كه میدیاكانی هه‌موو حزبه‌كان و هاوكات نووسه‌رانی هه‌ر پارچه و هاوكات هه‌ر به‌شێكی خواروو و سه‌روو/چه‌پ و راست له پارچه‌كان، هه‌ر كام به‌شێوه‌یه‌ك په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌ن، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر گه‌ڕانێكی ساده به‌ناو ئه‌كاونت یان ماڵپه‌ڕی هه‌ر كام له میدیا دیاره‌كان بكه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ده‌زانین هه‌موویان به زمانی كوردی ده‌نووسن، به‌ڵام به ده‌گمه‌ن دوو میدیا ده‌بینینه‌وه كه له‌سه‌ر نووسینی بۆ نموونه وشه‌ی "جێبه‌جێكردن" ڕێكه‌وتبن، بۆیه به شه‌ش بۆ حه‌وت شێوه ده‌یبینینه‌وه، ئه‌مه‌ی كه باشوور به ناوه‌ندی كێشه و هاوكات چاره‌سه‌ر ده‌زانم، به‌م هۆیه‌یه كه هه‌م ده‌سه‌ڵاته و هه‌م خاوه‌نی داوده‌زگای به‌رین و زۆر و بۆری ئیدارییه و ده‌توانێت له جێخستنی یاسا و ڕێساكانی پێوه‌ست به زمان و ڕێنووس، ڕۆڵی ئه‌گه‌ر یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش نه‌گێڕێت، ئه‌وا كاریگه‌ر و رژدی بگێڕێت.
ئه‌و كاریگه‌رییه‌ش بێگومان له سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتیش به‌باشی خۆی ده‌بینێته‌وه. له ڕۆژهه‌ڵاتیش كۆمه‌ڵێك شاعیر و نووسه‌ر هه‌ن به‌و هۆكار و پاساوانه‌ی سه‌ره‌وه، هه‌ر كامه‌یان ده‌هۆڵی خۆی ده‌ژه‌نێت و ئه‌گه‌رچی نووسینی لێكچوو له ڕووی ڕێنووسمان كه‌م نین، به‌ڵام كێشه و گرفتی ڕێنووسیش له‌وێ به زه‌قی دیار ده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر كێشه‌كه له ڕۆژهه‌ڵات جۆرێك نه‌زانی یان خۆپه‌رستی و وه‌هم به ڕێتیمی ڕێژه‌گه‌رێتی نووسه‌ران بێت، ئه‌وا له باشوور به‌شی زۆری كه‌مته‌رخه‌مییه (سه‌ره‌ڕای به‌شێك له نه‌زانین و په‌روه‌رده‌ی پڕكه‌لێن)، چونكه وه‌ك گوتم ئه‌وێ هه‌م له ڕووی ئه‌زموونه‌وه و هه‌م له ڕووی ده‌سه‌ڵات و داوده‌زگا ئیدارییه‌كانه‌وه، پێشه‌نگی كاریگه‌ری و ڕۆڵگێڕانه. به‌ڵام بێگومان به زۆر هۆكار ته‌نیا ئه‌وان جێی ڕه‌خنه و گله‌یی نین، ئێسته‌ش ئێمه ده‌ق و كتێبی شاعیر و نووسه‌ری ناوده‌رپۆقیو و دیاری ڕۆژهه‌ڵات ده‌خوێنینه‌وه كه "دا" چ وه‌ك پاشگر (یا وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵێن پاشبه‌ند) و چ وه‌ك كردار، هه‌ر به یه‌ك شێوه ده‌نووسێت و له هه‌ردوو حاڵه‌تدا جودا و به مه‌وداوه له وشه‌كه دایده‌نێت، ئه‌مه هه‌ڵه له خوێندنه‌وه و به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ش له تێگه‌یشتندا دروست ده‌كات.
بۆ نموونه‌ی (پاشگر): له به‌رزاییه‌كانی نیگات دا. بۆ نموونه‌ی (كردار): له ماڵ دایه. وه‌ك ده‌بینین لانیكه‌م یه‌كێك له‌م ڕستانه ماناكه‌ی ده‌شێت ناته‌واو و شێوێنراو بێت، چونكه ڕێسای دروستنووسی یان هه‌مان ڕێنووس تێیفدا ڕه‌چاو نه‌كراوه. بێگومان ده‌كرێت نموونه‌ی زۆر بهێنینه‌وه به‌ڵام مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه بڵێم زۆر نووسه‌ر و شاعیر له سۆنگه‌ی وه‌همی پێرفێكتبوون و زمانزانی و زمانه‌وانیی خۆیان، واده‌زانن ئه‌و ڕێنووسه‌ی پێی ده‌نووسن، تایبه‌تمه‌ندی و ڕێچكه‌ی داهێنراوی خۆیانه و له داهاتووی دوور یان نزیكی ئه‌م گه‌له هه‌شبه‌سه‌ر و ڕێنووسشێواوه‌دا، ناوی هه‌ر هه‌موویان له ڕیزی نه‌مران و داهێنه‌راندا تۆمار ده‌كرێت! ئه‌مانه ته‌نیا به‌شێكن له‌و كێشانه‌ی كه ڕێنووس به ئاوه‌ها ده‌ردێك ده‌به‌ن و ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی نووسینی سه‌ر تابلۆی كۆنفرانسی كوردینووسێكی دانسقه، چه‌ندان هه‌ڵه‌ی تێدابێت.