وەزارەتی كارەبا پێدانی كارەبای بەردەوامی بە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە ڕاگەیاند

:: PM:02:55:09/07/2020 ‌
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە ڕۆژانی تاقكیردنەوە كارەبای كارگەكان كەم دەكرێتەوە و كارەبای هۆڵەكانی تاقیكردنەوە دەكرێتە هەمیشەیی.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی تەمووز، لە ڕوونكردنەوەیەكی وەزارەتی كارەبادا هاتووە، لەپێناو خزمەتكردنی قوتابیان و بەدەنگەوەهاتنی نووسراوی وەزارەتی پەروەردە بۆ هاوكاریكردنیان لە رۆژانی تاقیكردنەوە گشتییەكانی قۆناغی ئامادەیی و دابینكردنی كارەبای بەردەوام بۆ هۆڵەكانی تاقیكردنەوە گشتییەكان.

كارەبا دەبێت، لە رۆژانی ئەزموونەكان لە هەشتی بەیانی تا 12ی نیوەڕۆ
باس لەوەش كراوە، بڕیار درا زیادكردنی یەكەیەكی كارەبا بەتوانای 100 مێگاوات لە وێستگەی دهۆك لە هەشتی بەیانی تا 12ی نیوەڕۆ، ئەم زیادكردنەش دەخرێتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانیی كوردستانەوە بۆ سەرجەم پارێزگاكان سوودی لێ وەردەگرن.

لە یەكێك لە بڕیارەكاندا هاتووە، ڕاگرتنی پێدانی كارەبا بەكارگەكان كە بڕەكەی 250 مێگاوات كارەبا دەبێت، لە رۆژانی ئەزموونەكان لە هەشتی بەیانی تا 12ی نیوەڕۆ، هەروەها سەرجەم ئەو كارەبایەی كە زیاد دەكرێت بڕەكەی 350 مێگاوات دەبێت.

باس لەوەش كراوە، پاش 15/7/2020 یەكەیەكی دووەمی وێستگەی خەبات بەكار دەكەوێت و 150 مێگاواتی تر دەكەوێتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانیی كوردستانەوە .




وشە - رامیار جەواد