دەروێشانی شێخ محەمەد كەسنەزانی بۆ پرسەی رێبەرەكەیان سنووری هەرێم دەبەزێنن

:: PM:04:43:09/07/2020 ‌

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم، هەزاران دەروێش بەمەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی شێخ محەمەدی كەسنەزانی، لە رێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە بێ ئەنجامدانی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە ئێرانەوە هاتنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، بەهۆی تەقەی هێزەكانی ئاسایشی سنووری پێنجوێن و باشماخیشەوە، ژمارەیەكیان بریندارن.
سەدان دەروێش بە خەنجەر و شمشێرەوە بەرەو سلێمانی بەڕێگەوەن
مەریوان كەمال، سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بە"وشە"ی راگەیاند، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی دەروازەی یەكی باشماخەوە، ئاگەدار كراینەوە كە ژمارەیەكی زۆری دەروێش، لە ئێرانەوە گەیشتوونەتە نزیك خاكی هەرێم، ئێمەیش لایەنە تەناهییەكانمان ئاگەدار كردەوە بۆ چاودێریكردنی دۆخەكە.

زیاتر گوتی، ئەو دەروێشانە لە دیوی مەرزی باشماخی خاكی ئێران، هەرچەندە رێگرییان لێ كراوە، بەڵام رووبەڕووبوونەوە لەنێوان سەربازانی ئێران‌ و دەروێشەكان رووی داوە ‌و  چەند كوژراوێكیش هەیە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، لەلایەن ئاسایشی باشماخەوە تەقە بە ئاسماندا كراوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك بریندار هەیە، بەهۆی ئەوەیشی هیچ كەسیان پشكنینی كۆرۆنایان بۆ نەكراوە، تا ئێستە نەتوانراوە چارەسەری بریندارەكان بكرێت.

لای خۆیەوە ئاكۆ كەریم، شایەتحاڵ لە شاری پێنجوێن، بە "وشە"ی گوت، ئێستە دەروێشەكان گەیشتوونەتە بازگەی ئاسایشی پێنجوێن و دوای تێپەڕاندنی بازگەكە، بەرەو شارۆكەی سەیدسادق بەڕێ كەوتوون، هەرچەندە رێگریان لێ كرا و داوایش كراوە لە شاری سلێمانییەوە هێزی تەناهی بۆ پشتیوانی رەوانەی سنوورەكە بكرێت.

ئەو شایەتحاڵە روونی كردەوە، بەداخەوە ئەو دەروێش و كەسانە نەناسراون و خەنجەر و شمشێریان پێیە و بەبێ پشكنینی كۆرۆنا ‌و گوێدان بە فەرمانە ئیدارییەكان، پەڕیونەتەوە و بەنیازن دوای بڕینی بازگەكە، بەپێی بەرەو شاری سلێمانی بڕۆن.

شایەنی باسە، هەزاران دەروێش ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە، كە سەر بە تەریقەتی قادرین ‌و بۆ بەشداریكردن لە پرسەی رێبەرەكەیان، شێخ محەمەد كەسنەزانی، هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، كە پێش چەند رۆژێك بەهۆی نەخۆشییەوە لە دەرەوەی هەرێم كۆچی دوایی كردووە و بڕیارە سبەی هەینی، تەرمەكەی بگەڕێندرێتەوە كوردستان.

پێنجوێن، رێبین پێنجوێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل