توانای بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم بۆ 3400 مێگاوات زیاد دەكات

:: PM:05:38:09/07/2020 ‌

 وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان ئاماژە دەكات، دەمانەوێ بۆ مانگەكانی تەمووز و ئاب سەعاتەكانی پێدانی كارەبا زیاد بكەین، دووپاتی كردەوە، سەرۆكی حكوومەت هاوكاریەكی تەواوی كەرتی كارەبایە و لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ 3400 مێگاوات زیاد دەكات.
لە 24 سەعاتدا 16 سەعات و نیو كارەبای نیشتمانی هەیە
 ئەمڕۆ چوارشەم نۆی تەمووز، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەرەڕای تەنگژەی دارایی و نەخۆشی كۆرۆنا و كەمكردنەوەی دەوام و قەدەغەی هاتوچۆ، توانیمان لە مانگەكانی ئادار و نیسان و ئایار و حوزەیرانی ئەمساڵ بەباشی كارەبا بە هاووڵاتییان بدەین، لەنێوان 16-18-20 سەعات، ئەگەر دەوام هەبووایە و ستافەكان وەك خۆیان دەوامیان بكردایە، ئەوە سەعاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر دەبوو.

 روونی كردەوە، بۆ مانگەكانی تەمووز و ئابی ئەمساڵ، وەزارەت لەگەڵ وەزارەتەكانی دارایی و سامانە سروشتییەكان لەسەر خەتین بۆئەوەی بتوانین بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد بكەین، ئەوەیش لە ڕێگەی وێستگەی خەباتی هەڵمی كە یەكەیەكی كەوتووەتە كار و 150 مێگاوات كارەبایە، لە 15/7یش یەكەی دووەمی دەخەینە كار، ئەویش 150 مێگاوات كارەبایە، جگە لە وێستگەی دهۆكی گازی زیاتر لە 50 مێگاوات كارەبا زیاد بكەین، هەروەها دەمانەوێ لە مانگەكانی تەمووز و ئاب كارەبایەكی باش بە هاووڵاتییان بدەین، دووپاتی كردەوە، ئێستە لە 24 سەعاتدا، 16 سەعات و نیو كارەبا دەدەین بە هاوبەشان و لەهەوڵداین زیاتری بكەین، هەرچەندە بەشێوەیەكی نائاسایی پلەكانی كارەبا بەرز بووەتەوە و خواست لەسەر كارەبا بەردەوام لە زیادبووندایە.

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئاماژەی كرد، بەپێ ئەو پلانانەی دامانناوە وەك وەزارەتی كارەبا بە هاوكاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرە پێوەندیدارەكان، لە 15/7ی ئەمساڵ ڕێژەی بەرهەمهێنانی كارەبا دەگاتە 3400 مێگاوات، هەروەها پلانی درێژخایەنمان هەیە بۆ زیادكردنی 1000 مێگاواتی تر لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە تەواوی ناوچەكانی كوردستان، جگە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەك و چاكسازی هێڵەكان و خستنەوەگەڕی پڕۆژەكان.

 "سەرەڕای تەنگژەكان و سەختی دۆخەكە، مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیران پاڵپشتی تەواوی وەزارەتی كارەبایە، لەبارەی هێنانەوەی تیمی كۆرییەكان بۆ بەگەڕخستنی وێستگەی هەڵمی خەبات لە پڕۆسەیەكی كەموێنە بە فڕۆكەی تایبەت و كارێكی زۆری ویست لە ڕووی دارایی و دیپلۆماسییەوە، جەنابی سەرۆك وەزیران بایەخی تایبەت دەدات بە كەرتی كارەبا كە پێویستییەكی ژیانی هاووڵاتییانە"، ئومێد ئەحمەد وای گوت.

 هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل