بە بەڵگە.. پەرلەمانتارانی كوردستان فەرمانێك پێشێل دەكەن

:: AM:09:37:06/08/2020 ‌
لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان، سەرپێچی فەرمانی وەزیری پەروەردە دەكەن و سەردانی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە دەكەن كە پێشتر بە فەرمانێك ئەو جۆرە سەردانانە بۆ هەموو كەسێك قەدەغە كرابوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی ئاب، لە ڕاگەیەنراوێكی پەرلەمانی كوردستان هاتووە، بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگەداربوون لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكان و جێبەجێكردنی ڕێكارە خۆپارێزییەكان، لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەكانی دهۆك و سێمێل و ڕانیە و كۆیە و شەقڵاوە و سۆران و ڕواندزی كرد.

حەوتی تەمووز بڕیارێك دەرچوو كە سەردانی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە بۆ هەموو ئاست و بەرپرسیاریەتییەك ڕێپێدراو نەبووە
سەردانی ئەو لیژنەیە لە كاتێكدایە پێشتر بە فەرمانێكی ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە بۆ پاراستنی ئارامی هۆڵەكان، لە حەوتی تەمووز بڕیارێك دەرچوو كە سەردانی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە بۆ هەموو ئاست و بەرپرسیاریەتییەك ڕێپێدراو نەبووە.

لە بڕیارەكەی وەزیری پەروەردە، ڕووماڵی میدیایی و هەموو جۆرە چالاكییەك لە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە قەدەغە كرابوو، سەردانی وەزیری پەروەردە و بریكاری وەزیر و بەرپرسە باڵەكان دەكرێت بۆ لای سەرۆكی لیژنەی تاقیكردنەوەكان بێت، بەڵام چوونە هۆڵەكان ڕێپێدراو نییە.

دوێنێ‌ تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی كۆتایی هات، تا ئێستە وەزارەتی پەروەردە لەسەر ئەو پێشێلكارییە لە فەرمانی وەزیری هیچ ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو نەكردووەتەوە.




وشە - رامیار جەواد