بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر: ژمارەی تووشبووان زۆر زیادی كردووە

:: PM:02:24:06/08/2020 ‌
بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر زیادی كردووە و ژمارەیەكی زۆر لە نەخۆش بە نیشانەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا سەردانمان دەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی ئاب، دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە و نەخۆشییەكە لە ناو هاووڵاتییان زیاتر بڵاو بووەتەوە، بۆیە پێویست بوو نەخۆشخانەی تر دابین بكەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە و چارەسەركردنی نەخۆشەكان، بەتایبەتی لەو ماوەی رابردوو ژمارەی نەخۆشەكان زۆر زیادی كردووە.

ئەو ئۆكسجینەی لە هەر نەخۆشخانەیەك پێویستە لەكاتی چارەسەركردنی نەخۆشانی كۆرۆنا، 10 بەرانبەر ئەو ئۆكسجینەیە لەكاتی ئاسایی
بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر گوتی، بەداخەوە هەندێ نەخۆش نیشانەكانیان زۆر توندە كە سەردانی نەخۆشانە دەكەن، زۆربەیان پێویستیان بە چاودێری پزیشكی و چاودێری چڕە لە نزیكەوە، زۆربەی ئەو نەخۆشانە پێویستیان بە ئۆكسجین و پزیشكی پسپۆڕ و چاودێری چڕە، بۆیە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا كە یەكێكە لە نەخۆشخانە گەورەكانی شاری هەولێر، پێویست بوو تەرخان بكرێت بە چارەسەركردنی نەخۆشانی كۆرۆنا ، تا ئێستە 37 نەخۆش لەو نەخۆشانەیە وەرگیراون.

باسی لەوەش كرد، ئێستە ئەو ئۆكسجینەی لە هەر نەخۆشخانەیەك پێویستە لەكاتی چارەسەركردنی نەخۆشانی كۆرۆنا، 10 بەرانبەر ئەو ئۆكسجینەیە لەكاتی ئاسایی و بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی تر بەكار دەهێنرێت.

ئاشكرای كرد، ئێستە 50 ئامێری هەناسەدانی دەستكرد و نزیكەی 250 ئامێری یاریدەدەری هەناسەدانی دەستكرد هەن، تا ئێستە ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەبووە، بۆیان دابین كراوە.




وشە - رامیار جەواد