مەحما خەلیل داوای سۆراخی رفێنراوانی ئێزیدی لە وڵاتانی كەنداو دەكات

:: PM:04:25:06/08/2020 ‌

دوای ئەوەی ئەندامێكی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق دووپاتی بوونی ژمارەیەك لە رفێنراوی ئێزیدی لە چەند دەوڵەتێكی كەنداو كردەوە، مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال داوای لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق كرد دووپات لەو زانیاریانە بكاتەوە.
زانیارییەكان بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دراون
خەلیل ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، زانیاریمان پێ گەیشتووە بە بوونی ژمارەیەك رفێنراوانی ژنی ئێزیدی بەدەستی داعش لە وڵاتانی كەنداو، بۆیە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەكەین دووپات لەو زانیاریانە بكاتەوە و كار بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ كەسوكاریان بكات. 

زیاتر گوتی، تا ئێستە رێوشوێنەكانی حكوومەت لەو بارەوە بەتایبەتی لەگەڵ حكوومەتی توركیا لاوازە، لە سایەی بوونی زانیاری دووپاتكرداوە بە بوونی ژمارەیەكی زۆری رفێنراوان لە كەمپی هۆڵ. 

ئەمڕۆ عەلی بەیاتی، ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق رای گەیاند كە ژمارەیەك لە ئەندامانی رێكخراوی داعش گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان و رفێنراوانی ئێزیدیان لەگەڵ خۆیان بردووە، لەوانە بۆ وڵاتانی كەنداو، بەڵام بەداخەوە وەزارەتی دەرەوە داتای لەبارەی بوونی ئەوان نییە.

زیاتر گوتی، ئەندامانی رێكخراوی داعش لە رەگەز جیاواز بوون، لەوانە لە وڵاتانی كەنداو، بەتایبەتی لەوانەی بەشداریان لە داگیركردنی شنگال كرد، روونی كردەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە درێژایی حكوومەتەكانی پێشوو و ئێستەیش، گرنگی بەو دۆسیە نەداوە، تەنانەت كاتێك زانیاری دووپاتكراوە هەبووە و بە وەزارەتەكە دراوە بە بوونی 12 هەزار خێزان لە كەمپی هۆل، بەڵام تا ئێستە وەزارەتەكە كاری بۆ كردنەوەی دۆسیەكە نەكردووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل