لیژنەی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان تایبەت بە پۆستەكانی سلێمانی تەنیا كۆبوونەوە دەكات

:: PM:08:54:06/08/2020 ‌

دوای شەش ساڵ لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكەی نێوانیان، بۆ دووەمجارە یەكێتی و گۆڕان لیژنەی هاوبەش پێك دێنن، بەڵام تا ئێستە ئەو لیژنانە نەیانتوانیوە رێككەوتنی پۆستەكان لە سنوورەكە جێبەجێ بكەن، بزووتنەوەی گۆڕانیش داوا دەكات ئەو پۆستانەی لای یەكێتییە وەری بگرێتەوە.
هیچ نەكراوە و نەچووەتە قۆناغی جێبەجێكردن
ئەمڕۆ پێنجشەم، فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لیژنە هاوبەشەكەی یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، لەسەر رێككەوتنی نوێ بۆ پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی هیچی رانەگەیاندووە، پێویستە كۆبوونەوەكان بەردەوام بن.

زیاتر گوتی، بەهۆی ئەوەی ماوەیەكی زۆر بەسەر رێككەوتنی هەردوولا لەسەر پۆستەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی رۆیشتووە، هەردوولا بە باشیان زانیوە رێككەوتنی نوێ بكەن، هیچ نەكراوە و نەچووەتە قۆناغی جێبەجێكردن.

لای خۆیەوە، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، كە پێی باش نەبوو ناوی بهێنرێ، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو لیژنەی دروست بووە لە نێوان گۆڕان و یەكێتی بۆ پۆستەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، تا ئێستە هیچی نەكردووە و تەنیا كۆ دەبنەوە.

روونی كردەوە، بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێ ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرێت و یەكێتی مافی خۆی كە پۆستی سنوورەكەیە، بیداتە گۆڕان.

هەر چەندە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2014، یەكێتی و گۆڕان بەهۆی رێكنەكەوتنیان لەسەر پۆستەكانی پارێزگار و پۆستەكانی تری سنوورەكە، رێككەوتنی دوو ساڵ بە دوو ساڵیان ئەنجام دا، بەهۆی ئەوەی یەكێتی پابەندی رێككەوتنەكە نەبوو، بەشێكی زۆر لە پۆستەكانی نەدایە گۆڕان، بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دووەمجارە لیژنەی هاوبەش پێك دێنێت بۆ ئەوەی پۆستەكانی وەربگرێتەوە، بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل