پارتی و یەكێتی كۆ دەبنەوە

:: AM:08:52:11/08/2020 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ شاندێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شارۆكەی دووكان كۆ ببنەوە و لەبارەی كێشەكانی نێوانیان گفتوگۆ بكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 11ـی ئاب، بڕیارە ئەمڕۆ سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ لە دووكان، هەردوو شاندی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی كێشەكانی نێوانیان كۆ ببنەوە .

كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن تا دەگەنە چارەسەر
لەو كۆبوونەوەیە هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی گوێ لە بۆچوون و پێشنیاری یەكتر دەگرن و دواتر كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن تا دەگەنە چارەسەر.

شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهاتووە لە مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە لە كاتێكدایە پێش جەژن سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كەسی یەكەمی ناو یەكێتی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر كۆ بوونەوە



وشە - رامیار جەواد