لە بەغدا كۆبوونەوەیەك بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەڕێوە چوو

:: AM:09:45:11/08/2020 ‌
سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، سەردانی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەكات و پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەکەن.

حكوومەتی هەرێمیش ئامادەیی تەواوی تێدایە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەپێی دەستوور
ئەمڕۆ سێشەم 11ـی ئاب، فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، لە بەغدا لەگەڵ حەمید ئەلغزی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی کۆبووەتەوە، دووپاتیان لەوە كردەوە نابێ مووچە و قووتی فەرمانبەرانی هەرێم تێكەڵ بە كێشە و ململانێ سیاسییەكان بكرێت.

باس لەوەش كراوە، دەبێ حكوومەتی فیدراڵ ئەم بابەتە چارەسەر بكات و حكوومەتی هەرێمیش ئامادەیی تەواوی تێدایە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەپێی دەستوور.

لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی پەتای كۆرۆنا و بارودۆخی ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستان كرا، هەردوولا دووپاتیان لە هاوكاری و هاوئاهەنگی هاوبەش لە نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و هەرێم كردەوە.



وشە - رامیار جەواد