سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شوانكارێك له‌لایه‌ن چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌وه ده‌كه‌وێته به‌ر ده‌ستڕێژ و به قورسی بریندار ده‌بێت، ته‌ندروستی ده‌ڵی، دۆخی ته‌ندروستی شوانه‌كه ناجێگیره.
به‌هۆی قورسی برینه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی سۆران كرا
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 11ی ئاب، كاروان فه‌یسه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی ته‌ندروستی سیده‌كان به "وشه"ی راگه‌یاند، به‌یانی ئه‌مڕۆ كه‌سێك به ناوی مه‌ناف عبدوڵا خدر /51 ساڵ/ كه شوانكاره و خه‌ڵكی گوندی ئامۆكانی سه‌ر به شاره‌دێی هه‌ریره، له ناوچه‌ی گه‌رووی سنگان كه كوێستانه‌كه له سنووری سیده‌كانه، له‌لایه‌ن چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌وه بریندار كراوه.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، دوای گه‌یشتنی بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌مان، ده‌ستبه‌جێ رێكاری پزیشیكی بۆ گیرایه‌به‌ر و چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تایی بۆ كرا، به‌هۆی قورسی برینه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی سۆران كرا.
به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی ته‌ندروستی سیده‌كان ده‌ڵێ، فیشه‌ك به‌ر قاچی چه‌پی شوانه‌كه كه‌وتبوو و تا ئێسته ته‌نیا یه‌ك بریندار گه‌یشتووه‌ته نه‌خۆشخانه‌كه‌مان .
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه" ته‌قه‌كردنی چه‌كدارانی په‌كه‌كه دوای ئه‌وه دێت، ئه‌مڕۆ هێزێكی پاسه‌وانی سنوور به مه‌به‌ستی جێگیربوونیان له ناوچه سنوورییه‌كانی سیده‌كان، له هه‌ردوو ناوچه‌ی بێركم و گه‌رووی سنگا، له‌و سنووره كه په‌كه‌كه به سنووری خۆی ده‌زانێت، به‌و هۆیه‌وه چه‌كدارانی په‌كه‌كه ته‌قه‌یان كردووه و له ئه‌نجامدا شوانكارێك بریندار بووه .
شاره‌دێی سیده‌كان كه‌وتووه‌ته سێگۆشه‌ی سه‌ر سنووری نێوان و باشوور و باكور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به دووریی 144 كم له باكوری رۆژهه‌ڵاتی شاری هه‌ولێر هه‌ڵكه‌وتووه، خاوه‌نی 250 گونده و زیاتر له 100 گوندی به‌هۆی په‌كه‌كه و بۆردمان و تۆپبارانه‌كانی وڵاتانی دراوسێ ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه، له 20 ساڵی رابردوو به‌هۆی شه‌ڕی په‌كه‌كه و توركیا له ده‌ڤه‌ری برادۆست ده‌یان كه‌س بوونه‌ته قوربانی.
سیده‌كان- موڕشید برادۆستی