حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 850 پارچه زه‌ویی له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ته‌رخان كردووه بۆ دابه‌شكردن به‌سه‌ر كه‌سوكاری شه‌هیدان و فه‌رمانبه‌ران. سه‌رۆكی شاره‌وانی ده‌ڵێ، زه‌وییه‌كان ئاماده‌ن و ڕێكاره یاساییه‌كان بۆ دابه‌شكردنیان ده‌ستی پێ كردووه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 11ی ئاب، كوێستان شێخ كه‌ریم سه‌رۆكی شاره‌وانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، زه‌وی دابین كراوه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی فه‌رمانی وه‌رگرتنی زه‌وییان هه‌یه، ئاماده‌كارییه‌كان ده‌ستی پێ كردووه و له تاپۆ سوره‌ت قه‌یدیان بۆ ده‌رده‌هێنرێت.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، زه‌وییه‌كان ده‌كه‌ونه كه‌رتی 24ی جه‌لیله و 850 پارچه زه‌وییه له‌سه‌ر ڕووبه‌ری 760 دۆنم زه‌وی، سه‌ره‌تا دابه‌شكردنی زه‌وی كه‌سوكاری شه‌هیدان ده‌بێت و پاشان ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی فه‌رمانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیان هه‌یه بۆ وه‌رگرتنی زه‌وی.
دووپاتی كرده‌وه، ئێسته سه‌رقاڵی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خاوه‌ن زه‌وییه‌كانن، قه‌ره‌بووه‌كه‌ش به‌پێ ڕێنوێنییه‌كانه و به پێدانی زه‌وی له هه‌مان شوێن قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه.
هه‌ڵه‌بجه / عه‌زیز ڕه‌سووڵ