وەزارەتی كشتوكاڵ ناوەڕۆكی گرێبەستی گەنمی جووتیاران ئاشكرا دەكات

:: PM:01:19:11/08/2020 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵ ڕای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژووییە بۆ هەرێمی كوردستان، حكوومەت بەو پڕۆژەیە كۆتایی بە كێشەی جووتیاران دەهێنێت و هەلی كاری زۆریش بۆ دەرچووانی بەشی كشتوكاڵ دروست دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 11ـی ئاب، حسێن حەمەكەریم گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژووییە بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان.

لەو پڕۆژەیەی ئەمڕۆ بۆ یەكەمین جارە كە حكوومەت خۆی گەنمی جووتیاران دەكڕێتەوە
گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ گوتی، لەو پڕۆژەیەی ئەمڕۆ بۆ یەكەمین جارە كە حكوومەت خۆی گەنمی جووتیاران دەكڕێتەوە.

باسی لەوەش كرد، ئەو پڕۆژەیە دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەت، وەك پڕۆژەیەكی گرنگ لە هەموو قۆناغەكانی گرنگی زۆری پێ درا و هەڵسەنگاندنی بۆ كرا و لە كۆبوونەوەیەكی تایبەت پەسەند كرا.

ڕوونی كردەوە، لە چەندان كۆبوونەوەی وەزارەتەكان پڕۆژەكە ئامادە كرا، بڕیار دراوە بڕی 200 هەزار تۆن لە سلێمانی و 150 هەزار لە هەولێر و 150 هەزار تۆن لە دهۆك گەنم وەربگیرێت، نرخەكانیش وا دادەنرێت جووتیاران سوودمەندی یەكەم بن.

"ئێمە لە هەموو دۆخێكدا ڕەچاوی بەرژەوەندیی جووتیاران و كۆمپانیاكانیش دەكەین، بەپێی گرێبەستەكە دەبێت %60ـی كۆمپانیاكان هەلی كار بۆ كرێكاری خۆماڵی دابین بكەن و دەبێت لە شاندەكانی ڕاهێنان لە دەرەوەی فەرمانبەری حكوومەتی تێدابێت". گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ وای گوت.

ئەمڕۆ گرێبەستێك لە نێوان سێ‌ كۆمپانیا بۆ دروستكردنی سێ‌ ناوەندی وەرگرتنی گەنم واژوو كرا لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و بڕی 500 هەزار تۆن گەنم وەردەگرن.



وشە - رامیار جەواد