بۆمبێك بە كاروانی هێزەكانی ئەمەریكادا تەقییەوە

:: PM:01:52:11/08/2020 ‌
بۆمبێك بە كاروانی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان تەقییەوە كە دەیانویست لە نزیك بەغداوە بەرەو شوێنێكی تر بڕۆن.

دەگوترێ ئەو بۆمبەی تەقیوەتەوە لەسەر رێی كاروانەكە چێنراوە و دوای گەیشتنی كاروانی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان لە ناوچەی ئەلتاجی لە باكوری بەغدای پایتەخت، تەقیوەتەوە.

بەگوێرەی شەفەقنا، لە ئاكامی تەقینەوەكەدا باری یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان تووشی ئاگركەوتنەوە بووە، بەڵام هیچ كەسێك گیانی لە دەست نەداوە.

ئەمە یەكەم جار نییە هێرش دەكرێتە سەر هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش كە لە لایەن ئەمەریكاوە سەرۆكایەتی دەكرێت. 

ژمارەی هێرشەكانیش بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا زیادیان كردووە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە دوای كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ژمارەی هێرشەكانیش بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا زیادیان كردووە.

كۆمەڵێك گرووپ و هێزی میلیشیایی نزیك لە كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە تۆمەتبار دەكرێن.

هێشتا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی ئەو تەقینەوەیەی بە ئەستۆ نەگرتووە.



وشە - سلێمان تاشان