راپۆرتێكی ئەمەریكی: جەنگی ساڵانی داهاتوو لەسەر ئاوی خواردنەوە دەبێت

:: PM:04:08:11/08/2020 ‌

ماڵپەڕی "گڵۆباڵ فیلاج سپایس"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لە ساڵانی داهاتوودا، جەنگ و ململانێكان لەبری نەوت، لەسەر ئاوی خواردنەوە دەبێت، هەر لەو ناوەدا پێشبینی سەرهەڵدانی ململانێیەكی توند لە نێوان عێراق و توركیا لەسەر ئاوی خواردنەوە دەكات. 
لە سەدەی 21 زێڕی شین شوێنی زێڕی رەش دەگرێتەوە
وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە ئاماژەیە بۆ سەرهەڵدانی شەپۆڵێكی نوێی ململانێی جیهانی لە داهاتوودا، كاتێك وڵاتانی دنیا هەوڵی كۆنترۆڵكردنی سەرچاوەی ئاو لە دنیا دەدەن، كە ئاو هۆكارێكی گرنگ و سەرەكیی ژیانە و كەمبوونەوەی ژیانی مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە.

ماڵپەڕەكە ئاماژەی كرد كە هەردوو رووباری دجلە و فورات لە ساڵانی دوایی ململانێیان لەسەر دروست بووە، كاتێك توركیا چەند بەنداوێكی بنیات ناوە كۆنترۆڵی گەیشتنی ئاوی دوو رووبارەكە بە عێراق و سووریا دەكات، بۆیە ئەگەر توركیا لەو گلدانەوەی ئاوی ئەو رووبارانە بەردەوام بێت، یان بەهۆی وشكەساڵییەوە ئاستی ئاویان كەمبێتەوە، رەنگە ئەو وڵاتانە دووچاری كێشەی كەمی ئاو ببنەوە و ئەوكات ململانێیەكی توند دروست دەبێت.

راپۆرتەكە دەڵێت، ململانێ لەسەر ئاو ململانێیە لەسەر مان، پرسی ژیان و مردنە بۆ وڵاتانی دنیا، بۆیە دنیا ناوی ئاویان ناوە بە "زێڕی شین" یان "نەوتی سەدەی 21"، بەپێی شارازایان ئەو زێڕە شینە لە سەدەی 21 شوێنی زێڕی رەش دەگرێتەوە، بەو پێیەیش دنیا بەهۆی نەوتەوە چەندان جەنگی سەختی بەخۆیەوە بینیوە، ئەگەری هەیە لەسەر ئاویش چەندان جەنگ دروست ببێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل