بامیەی سووریش بەرهەم هێنرا

:: PM:04:34:11/08/2020 ‌
جووتیارێكی نموونەیی ناوچەی سەنگاو، لە درێژەی توێژینەوەكانی لەسەر بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، توانی جۆرێك بامیە بەرهەم بهێنێت كە رەنگەكەی جیاوازە لە بامیەی ئاسایی و لەجیاتی ئەوی كەسك بێت، سوورە.

شێخ جەمال كڕبچنە بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، ئەمڕۆ سێشەم دەستی بە هەڵگرتنەوەی بامیەی سوور كردووە و ئەگەر توێژینەوەكان لەسەر كاریگەرییەكانی ئەم جۆرە بامیەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ باش بن، ئەوا لە ساڵانی داهاتوودا بڕێكی زۆرتری ئەو جۆرە بامیەیە دەچێنێت و تۆوەكەشی هەناردەی بازاڕ دەكات.

خواردنی ئەم بامیەیە بە كاڵی كاریگەریی بۆ سەر دابەزاندنی شەكرەی خوێن هەیە
وەك زیاتر خستیەڕوو قسە لەسەر ئەوە دەكرێ خواردنی ئەم بامیەیە بە كاڵی كاریگەریی بۆ سەر دابەزاندنی شەكرەی خوێن هەیە، بۆیە بۆ ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشیی شەكرە بوون زۆر بەسوودە.

 ئەو دەڵێ چەند ساڵە توێژینەوە لەسەر ئەم جۆرە بامیەیە دەكات و دواجار توانی لە كارەكەیدا سەركەوتوو ببێت و بڕێكی لێ بەرهەم بهێنێت.

ئەو پێشتریش بۆ "وشە" باسی كرد كە نۆ جۆر تۆوی تەماتەی لە لایەن لیژنەی توێژینەوەی كشتوكاڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی پەسند كراون، ئەمساڵیش كار لەسەر سێ جۆر تەماتەی تر دەكات كە بۆ دۆشاوی تەماتە گونجاون. شێخ جەمال توێژینەوەی لەسەر دەیان جۆر بەرهەمی تری كشتوكاڵی كردووە لە رووی جۆرییەوە و رۆڵی هەبووە لە پەرەپێدانی كشتوكاڵی كوردستان.


وشە - سلێمان تاشان