ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی پاسه‌وانی سنوور له برادۆست له‌لایه‌ن فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وانی توركیاوه بۆردمان كران و تا ئێسته باسی شه‌هیدبوونی شه‌ش كه‌س ده‌كرێ.
له‌دوای بۆردمانه‌كه لێپرسراوی راگه‌یاندنی پاسه‌وانی سنوور به "وشه"ی راگه‌یاند، شه‌ش كه‌س له‌ئه‌نجامی بۆردمانه‌كه‌دا كوژراون و چه‌ند كه‌سێكیی تریش بریندارن.
باسی له‌وه‌یش كرد كه پاسه‌وانی سنوور ویستوویانه كه باره‌گا له‌و سنووره دابنێن تا ڕێ له قاچاخ و كاری نایاسایی بگرن و له‌كاتی بۆردمانه‌كه‌یشدا له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بوون.
هه‌روه‌ك دووپاتی كرده‌وه كه پاسه‌وانی سنوور به هاوئاهه‌نگی نێوان حكوومه‌تی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ به‌شه‌ش ئۆتۆمبێل سه‌ردانی ئه‌و سنوورانه‌یان كردووه.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه مقه‌ده‌م ته‌حسین حوسێن ئه‌فسه‌ر له هێزی سیده‌كانی پێشمه‌رگه به "وشه"ی راگه‌یاند، بۆردمانه‌كه له‌بێرمی دینداران بووه، تیمه‌كه‌ی پاسه‌وانی سنوور بۆ گفوگۆ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه چوونه‌ته ئه‌م شوێنه، به‌مه‌به‌ستی جێگیر بوونییان له ناوچه سنووریه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی په‌كه‌كه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه" فه‌رمانده‌یه‌كی لیوا و فه‌رمانده‌یه‌كی فه‌وج و چه‌ند سه‌ربازێك شه‌هید و بریندار بوون.
شاره‌دێی سیده‌كان كه‌وتووه‌ته سێگۆشه‌ی سه‌رسنووری نێوان وڵاتانی كوردستان، توركیا و ئێران، به دووری 144 كیلۆمه‌تر له باكووری رۆژهه‌ڵاتی شاری هه‌ولێر هه‌ڵكه‌وتووه، خاوه‌نی 250 گونده زیاتر له 100 گوندی به‌هۆی بوونی په‌كه‌كه و بۆردمان و تۆپبارانه‌كانی وڵاتانی دراوسێ ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه و له 20 ساڵی رابردوو به‌هۆی په‌كه‌كه و توركیا له ده‌ڤه‌ری برادۆست ده‌یان كه‌س بوونه‌ته قوربانی.
سیده‌كان/ فه‌یسه‌ڵ شێخانی – مورشید برادۆستی