دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان راگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌شیان بڵاو كرده‌وه و بڕیاردرا كه كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی نێوان ئه‌و دوو حزبه له داهاتوویه‌كی نزیكدا له هه‌ولێر به‌رێوه بچێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 11ی ئاب، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌شی نێوان پارتی و یه‌كێتی تیایدا هاتووه، هه‌ردوولا كۆكبووین له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی سیاسی نێوان پارتی و یه‌كێتی كه له چواری ئاداری 2019 واژوو كرا له هه‌موو روێكه‌وه به‌گشتی و به‌تایبه‌تی له بابه‌تی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، به‌شێوه‌یه‌ك كه هاوكاری حكوومه‌ت و ئۆرگانه‌كانی بێت بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و دۆخه ته‌ندروستییه‌ی كه په‌تای كۆرۆنا دروستی كردووه.
راگه‌یاندنی هه‌ردوولا خۆیان به‌دوربگرن له شێوازی نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی گرژ و زبر
له خاڵی دووه‌می راگه‌یه‌نراوی هه‌ردوو حزبه‌كه‌دا هاتووه، "هه‌ردوولا كۆك بووین له پشتیوانیكردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆحوكمڕانی له سه‌رانسه‌ری كوردستان، بۆ ئه‌مه‌ش به په‌سه‌ند زانرا رێككه‌وتنی ئیداری نێوان هه‌ردوولا جێبه‌جێبكرێت و هه‌روه‌ها له هه‌ر شوێنێك گرفتێك بێته پێش به ته‌فاهوم و هاوكاری نێوان هه‌ردوولا به ڕه‌چاوكردنی لایه‌نه به‌شداره‌كانی دیكه له حكوومه‌ت چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێتته‌وه و هه‌روه‌ها شۆڕكردنه‌وه‌ی بۆ ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌كان له‌ئاینده‌دا.
هه‌روه‌ك باس له‌وه كراوه كه راگه‌یاندنی هه‌ردوولا خۆیان به‌دوربگرن له شێوازی نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی گرژ و زبر له‌هه‌موو جۆره كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن.
پارتی و یه‌كێتی ده‌ڵێن، هه‌ردوولا كۆكبووین له په‌له‌كردن بۆ جێبه‌جێكردنی بڕگی ئه‌لف له خاڵی شه‌شه‌می رێككه‌وتنی سیاسی نێوان هه‌ردوولا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ی تایبه‌ت و پسۆڕ له هه‌ردوولا پێكدێت بۆ یارمه‌تیدانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و زیاتر خزمه‌تكردنی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان.
" سه‌باره‌ت به یاسای هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق، بۆ هاوهه‌ڵوێستی هه‌ردوولا كۆكبووین كه ده‌زگاكانی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به هاوبه‌شی و به راوێژ له‌گه‌ڵ تیمی هه‌ردوولا له حكوومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دیراسه‌ی بابه‌ته‌كه بكه‌ن و پێشنیاری گونجاو بده‌نه هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی" له راگه‌یه‌نراوه هاوبه‌شه‌كه‌دا وا نووسراوه.
له خاڵی كۆتایشدا هاتووه، بۆ سوود وه‌رگرتن له‌كات و زووتر جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان، بڕیاردرا كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی له داهاتوویه‌كی نزیكدا له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ولێر به‌رێوه بچێت.