عێراق توركیا بە كوشتنی دوو ئەفسەری پاسەوانی سنوور تۆمەتبار دەكات

:: PM:06:30:11/08/2020 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی توركیا كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراقی لە باكوری هەولێر بۆردمان كرد، شانەی راگەیاندنی تەناهی عێراق توركیای بە بەرپرس لەو هێرشە تۆمەتبار كرد، كە بووەتە هۆی كوژرانی دوو ئەفسەری باڵای عێراقی. 
تا ئێستە فڕۆكەكان بە ئاسمانی ناوچەكە دەسوڕێنەوە
لە بەیاننامەیەكی شانەكە ئەمڕۆ سێشەم چەند سەعاتێك دوای هێرشەكە رای گەیاند، دەستدرێژییەكی توركیا لە رێگەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان، ئۆتۆمبێلێكی سەربازی سەر بە پاسەوانانی سنوور لە ناوچەی سیدەكان كردە ئامانج و بووە هۆی كوژرانی فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانانی سنووری ناوچەی یەك و فەرماندەی فەوجی سێ لە لیوای دوو و شوفێرەكەیان.

لای خۆیەوە ئیحسان چەلەبی، قایمقامی سیدەكان رای گەیاند، سەعات 3:45 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم، چەند ئۆتۆمبێلێكی سەر بە پاسەوانانی سنووری عێراق لە ناوچەكە كرانە ئامانج، لەوانە چەند سەركردەیەك بە پلەی عەمید، روونی كردەوە، تا ئێستە فڕۆكەكان بە ئاسمانی ناوچەكە دەسوڕێنەوە و زیاتر لە پێنج كوژراو لە ریزەكانی پاسەوانی سنوور هەیە و ناشتوانین بگەین بە بریندارانی رووداوەكە. 

سەرچاوەیەكی تەناهی لەوبارەوە دەڵێت، لەو بۆردمانەی كە كۆبوونەوەیەكی سەرانی تەناهی عێراق و پەكەكەی كردە ئامانج، عەمید محەمەد رەشید، فەرماندەی لیوای دوو و عەمید زوبێر حالی، فەرماندەی فەوجی سێی پاسەوانانی سنوور كوژراون، جیا لە 11 ئەندامی پەكەكە.   

لەوكاتەی سەرچاوەی تر ئاماژەی كردووە كە لەو بۆردمانەی توركیا 20 كەش كوژراون، لەوانە دوو گەورە ئەفسەری پاسەوانی سنووری عێراق، پێنجیان سەر بە پاسەوانی سنوورن و 10 ئەندامی پەكەكە و پێنج هاووڵاتیش. 

لەبارەی هێرشەكەوە كاوە شێخ مووس، بەرپرسی پێوەندییەكانی پەكەكە رای گەیاند كە رووداوەكە بریتی بووە لە كردنە ئامانجی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی توركیا بۆ كاروانێكی پاسەوانانی سنووری عێراق كە چەند ئەفسەرێكی باڵای ئەو هێزانەی تیادا بووە، بۆیە توركیا بۆردمانەكەی ئەنجام داوە و هیچ ئەندامێكی پەكەكەیش هاوەڵی كاروانە سەربازییە بەئامانجكراوەكە نەبوونە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل