"راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە تەنیا بۆ هێوركرنەوەی شەقام بوو"

:: PM:07:11:11/08/2020 ‌

حكوومەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای گوشارێكی جەماوەری و دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی دامەزرا، ئەو چەند بەڵێنێكی بە خۆپێشاندەران دا، لە سەروویانەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پەرلەمانتارێكی عێراق دووپاتی كردەوە، ئەو راگەیاندنەی كازمی تەنیا بۆ هێوركردنەوەی شەقام بووە.
زۆرینەی هێزە سیاسییەكان ئامادەن بۆ ساختەكاری
محەمەد خالدی، سەرۆكی فراكسیۆنی بەیارق ئەلخەیر، گوتی، هەڵبژاردنی داهاتوو رێژەی ساختەكاری 70% لەخۆ دەگرێ، ئەوە ئەگەر سیستمی بایۆمەتری لە كارتی دەنگدان پێڕەو نەكرێت، چونكە زۆرینەی هێزە سیاسییەكان ئامادەن بۆ ساختەكاری.

زیاتر گوتی، راگەیاندنی كازمی بۆ وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، تەنیا بۆ هێوركردنەوەی شەقامە و لەوە زیاتر نییە، ئەگینا كاتەكەی و دۆخەكە گونجاو و لەبار نییە بۆ ئەو پرۆسەیە.

لەوكاتەی كازمی 31ی تەمووزی رابردوو، حوزەیرانی 2021ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری كرد، شارەزایان پێیان وایە جیا لەوەی دۆخەكە بەهۆی پەتای كۆرۆنا و خراپیی دۆخی ئابووری و تەناهی نەگونجاوە، چەندان كێشەی تر هەن وەك تەواو نەبوونی یاسای هەڵبژاردن، بەتایبەتی هەردوو بڕگەی بازنەی دەنگدان و رێژەی كاندیدانی سەربەخۆ و حزبی، هەروەها ناتەواوی نیسابی دادگەی فیدراڵ و كێشەی بوونی چەك بە دەستی میلیشیا و هۆزەكان و پارەی سیاسی حزبەكانەوە، ئەوانە هەمووی وا دەكەن ئەگەر هەڵبژاردنیش بكرێ، ئەنجامێكی لەوەی پێشوو جیازاتری نەبێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل