پەرلەمانتارێك: دەبێت قەناعەت بە شەقامی عێراق بهێنرێت كە هەڵبژاردن چارەسەرە

:: PM:07:38:11/08/2020 ‌

هەڵبژاردنی پێشوەختە كە شەقامی عێراق وەك دەرچەیەك بۆ دەیان تەنگژە سەیریان دەكات، تا دێت كێشە و بەربەستە سەختەكانی دیار دەكەون، پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت، ئەو هێزە سیاسیانەی لە شەقام دروست دەبن، ئامادسازی پێویستیان بۆ هەڵبژاردن نییە و پێویستە قەناعەت بە خەڵك بكەن كە گۆڕانكاری لە رێگەی هەڵبژاردنەوەیە. 
رەنگە هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی هێزە سیاسییە كۆنەكان بێت
د موسەنا ئەمین، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، ئەنجامدانی هەڵبژاردن كۆمەڵێك كێشەی سیاسی و تەكنیكی هەیە، كێشە تەكنیكییەكان پێوەستن بەوەی بازنەكان جیا بكرێنەوە و یاسای هەڵبژاردن تەواو بكرێ و گۆڕانكارییەكانی پێكهاتەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن تەواو بكرێ، نیسابی دادگەی فیدرال تەواو بكرێت.

زیاتر گوتی، كێشەی راستەقینە ئەوەیە كە پارە و چەكی نایاسایی و میلیشیاكان لە عێراق زۆر بڵاوبووەتەوە، كۆمەڵێك هێزی نوێی سیاسی لە شەقامەوە رەنگە دروست ببن، بەڵام ئامادەسازی پێویستیان نییە بۆ هەڵبژاردن، ئەو سیستمەی لە عێراق لە هەڵبژاردن كراوە، رەنگە نەخشەی سیاسی بگۆڕێت، بۆیە هێزە سیاسییەكان گەرم نین لەسەر هەڵبژاردن، چونكە ئەوان نازانن ئەنجامەكان چی دەبن، رەنگە ئەو حزبە كۆنانە پێگە لەدەست بدەن، یان بە پێچەوانەوە ببنەوە زۆرینە و ژمارەی حزبەكان لە پەرلەمان كەم ببێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە روونی كردەوە، كێشەیەكی تری سەرەكی لەبەردەم ئەو حزبانەی نوێن ئەوەیە دەبێت قەناعەت بە جەماوەر و شەقام بێنن كە هەڵبژاردن چارەسەرە، چونكە ئەو قەناعەتە لەدەست دراوە، ئەوان پێویستیان بە پشتیوانی و خۆناساندنە بە جەماوەر و خۆرێكخستنە، چونكە وەك پێویست خۆیان رێك نەخستووە و جەماوەریش نایانناسێت و پڕۆژەیەكی جیاوازیان نییە و تەنانەت خۆیان بۆ هەڵبژاردن ساز نەكردووە، ئەوەیش وا دەكات رەنگە هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی هێزە سیاسییە كۆنەكان بێت، كە پارەی زۆر و چەكیان بە دەستە و لەلایەن دەوڵەتی قووڵەوە پاڵپشتی باشیان هەیە و پاڵپشتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیان هەیە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل