دەیان كۆمپانیای ئەمەریكی بۆ وەبەرهێنان دێنە عێراق

:: PM:08:24:11/08/2020 ‌

بڕیارە لە 20ی ئەم مانگە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بكات و بەشداری لە گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریكا بكات، یەكێك لە خاڵە گرنگەكان، رێكخستنەوەی پێوەندی نێوان هەردوو وڵات و دانانی خشتەیەكە بۆ پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا، پەرلەمانتارێك ئاشكرای دەكات كە بەرانبەر بەوە دەیان كۆمپانیای ئەمەریكی بۆ وەبەرهێنان دێنە عێراق.
بۆ دڵنیاكردنەوەی كۆمپانیاكان رێوشوێنی توند بۆ داماڵینی چەك دەردەكرێت
رەحیم عەبوودی، ئەندامی فراكسیۆنی رەوتی حكمە، گوتی، كازمی بەر لە سەردانەكە و لە دوو رۆژی داهاتوو لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتی و سەرانی لیستەكانی پەرلەمانی عێراق تاوتوێی ناوەڕۆكی سەردانەكەی دەكات، بەتایبەتی فراكسیۆنەكانی بەرهەڵستی بۆچوونەكانی دەكەن، لەوكاتەی شاندی هاوەڵی كازمی بریتی دەبن لە وەزیرانی دەرەوە و دارایی پلاندانان و هیتریش، جگە لە چەند فەرماندەیەكی سەربازی و تەناهی.

سەبارەت بە ناوەڕۆكی سەردانەكە، شاندی عێراق داوای هەمواركردنەوەی رێككەوتنی ستراتیجی 2008 لەگەڵ حكوومەتی ئەمەریكا دەكا، لەوانەیش میكانیزمی پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا و دانانی خشتەیەكی كاتی و هەڵسەنگاندنی دۆخی تەناهی و پزیشكی عێراق و رێككەوتنەكان بۆ ماوەی ساڵێك بۆ پێنج ساڵ دەبن.

عەبوودی ئاشكرای كرد، بەرانبەر بەو گۆڕانكاریانە، زیاتر لە 10 كۆمپانیای گەورەی ئەمەریكی لە بواری وەبەرهێنان دێنە عێراق، لەوانە جەنەراڵ ئەلەكتریك لە بواری وزەوە، بۆ دیاریكردنی وادەی پەرەپێدانی كەرتی وزەی عێراقی، هەرچی پاراستنی ئەو كۆمپانیایانەیە دوای گۆڕینی رێككەوتنەكە، كازمی لە رۆژانی داهاتوو زنجیرەیەك یاسای توند بۆ داماڵینی چەك دەردەكات بۆ دڵنیاكردنەوەی كۆمپانیا بیانییەكان.      


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل