سەركردەیەكی یەكێتی: كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی خەڵكە

:: PM:09:04:11/08/2020 ‌

سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان باس لە گرنگی كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی دەكات، كە ئامانج لێیان چارەسەركردنی كێشەی خەڵكە، دووپاتی دەكاتەوە، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوولا زۆر كێشە چارەسەر دەكات.
چارەسەری كێشەكان لای پارتی و یەكێتییە
حاجی مەسیفی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ سێشەم 11ی ئاب، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی ئامانج لێیان چارەسەركردنی كێشەی خەڵك و بابەتی مووچە و ئەو هەڕەشە و مەترسیانەیە لەسەر هەرێم هەن، روونی كردەوە، هاووڵاتییان ماندوو بوون و پێویستە پشوویەك بدەن.

زیاتر گوتی، كۆبوونەوەی داهاتووی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان چارەسەری زۆر پرس دەكات، چونكە ئەو دوو حزبە بڕیار بە دەستی ئەم وڵاتەن و چارەسەری كێشەكان لای ئەوانە.

ئەمڕۆ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە شارۆكەی دوكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوە  و چەند پرسێكی گرنگی پێوەست بە هەرێم و عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەختە تاوتوێ كران.

لە خاڵێكی كۆبوونەوەكەدا  ئاماژە بەوە كرا بوو كە بڕیار درا كۆبوونەوەی فراوانی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە داهاتوویەكی نزیك لە تەلاری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بەڕێوە بچێت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل