ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی توركیا لە دەڤەری برادۆست، بۆردمانی كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی پاسەوانانی سنووری عێراقی كرد و بەو هۆیەوە ژمارەیەك قوربانی لێ كەوتەوە، لەوانە دوو ئەفسەری باڵای عێراق، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم وردەكاری رووداوەكە روون دەكاتەوە.
پێویستە PKK و توركیا ململانێكانیان ببەنە دەرەوەی هەرێم و عێراق
بەپێی راگەیندراوی وەزارەتی ناوخۆ سەعات 2:45ی دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ سێشەم لە ناوچەی برادۆست، كاتێك هێزەكانی پاسەوانی سنووری سەر بە حكوومەتی فیدڕاڵ خەریكی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە بوون كە لە خاڵە سنوورییەكان دروست بووە، بە مەبەستی دوورخستنەوەی هەڕەشەی شەڕ لە دانیشتوانی ناوچەكە، لە لایەن فڕۆكەیەكی سەربازی توركیاوە كرانە ئامانج.
زیاتر هاتووە، ئوتۆمبێلێكی هێزەكەی پاسەوانی سنوور دەكرێتە ئامانج و بەداخەوە دوو ئەفسەری هێزەكە شەهید دەبن، بە ناوەكانی عەمید محەمەد ڕەشید سلێمان، فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانی سنوور و عەقید زوبێر حالی تاجەدین، فەرماندەی فەوجی سێی لیوای دووی پاسەوانی سنوور، هەروەها عەقید حیسامەدین عەبدوڕەحمان حەسەن بریندار دەبێت.
وەك لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە PKK و توركیا شەڕ و ململانێكانیان ببەنە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق و چیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانی ئەو ململانێیە، خەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە هەموو توانا و هەوڵەكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ دوورخستنەوەی ئەم ململانێیە لە هەرێمی كوردستان.