دوای ئەوەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 31ی تەمووز وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاری كرد و بەگوتەی چاودێران دەیان كێشە لەبەردەم سازكردنی پرۆسەكەن، سەرۆكی لیستێكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی كرد كە كازمی بۆ دامركاندنەوەی شەقام، وادەی بۆ هەڵبژاردن دیاری كردووە.
كازمی زۆر لیست و حزبی سیاسی نیگەران كردووە
محەمەد عوسمان، پەرلەمانتاری لیستی بەیارق ئەلخەیر لە پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" ئاماژەی دا، دۆخی سیاسی و ئابووری و تەندروستی عێراق لەبار نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، چونكە هێشتا مەترسییەكانی پەتای كۆرۆنا ماون، هاوكات دۆخی سیاسی زۆر ئاڵۆزە و ئەگەری ئەنجامدانی ساختەكاری زیاتر دەبێ، ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیەی بە ئاڵۆزی بمێنێتەوە.
زیاتر گوتی، سەرۆك وەزیران زیاتر ئەم بابەتەی بۆ هێوركردنەوەی شەقام بەكار هێناوە، بۆ ئەوەی لە ماوەی دەسەڵاتیدا رقی ئەوان نەتەقێتەوە، بەڵام راگەیاندنی كاتی هەڵبژاردن زۆر لیست و حزبی سیاسی نیگەران كردووە.
ئەگەرچی لە عێراق بە پێی پشكی نەتەوە و مەزەب پۆستە باڵاكان دیاری كراون، عوسمان بڕوای خۆی پێشان دا بەشێك لە لیستە شیعەكان بە هۆكاری پەلەكردن لەو بڕیارەی كازمی، نێوانیان لەگەڵیدا سارد بووەتەوە، هاوكات هەوڵی سەرۆك وەزیران بۆبێهێزكردنی میلیشیاكان بەشێكی تری شیعەكانی لە خۆی نیگەران كردووە.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی