"وشە" هۆكاری ڕازیبوونى نەخۆشخانە تایبەتەكان بەكەمكردنەوەی نرخ ئاشكرا دەكات

:: AM:09:13:12/08/2020 ‌
دوای دروستبوونی ناڕەزایەتییەكی زۆر لەسەر نرخی نەخۆشخانە تایبەتەكان، دوێنێ‌ ئێوارە جارێكی تر نرخەكە نیوەی كەم كرایەوە، بەپێی نووسراوێكی داواكاری گشتی هەڕەشەی لیكۆڵینەوە كراوە ئەگەر نرخەكە كەم نەكرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی ئاب، بەپێی نووسراوێكی داوای مافی گشتی تایبەت كە دەست "وشە" كەوتووە، لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتیدا تێدا هاتووە، بەپێی مادەی یەكی یاسای داواكاری گشتی داوای پێكهێنانی لیژنەیەك دەكەین بۆ ڕێكخستنەوەی نرخی چارەسەری تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتەكان و ئەو بڕە پارەیە بگونجێت لەگەڵ باری داراییان.

ئێمە ڕێكاری پێویستی یاسایی دەگرینە بەر
لە نووسراوەكەدا ئەوەیش باس كراوە، نرخەكان یەكجار زۆرن و لەكاتی پێكنەهێنانی لیژنەی تایبەت، ئەوا ئێمە ڕێكاری پێویستی یاسایی دەگرینە بەر و بەداواكردنی لیژنەیەكی تایبەت لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و بەسەرپەرشتی دادوەرێكی داواكاری گشتی.

لە نووسراوەكە ئەوەیش هاتووە، ئەو نرخە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگی ناڕەزایەتی لێ دروست بووە و پێویستە بەشێوەیەك نرخ دابنرێت، بگونجێ لەگەڵ دۆخی دارایی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.

ئێوارەی دوێنێ‌ دوای كۆبوونەوەی وەزیری تەندروستی لەگەڵ بەرپرسانی نەخۆشخانە تایبەتەكان، بڕیار درا جارێكی تر نرخی نەخۆشخانە تایبەتەكان بۆ نیوە  كەم بكرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد