بۆ یەكەم جار ژنێكی رەشپێست دەبێتە جێگری پاڵێوراوی سەرۆكی ئەمەریكا و ئەگەر جۆ بایدن پاڵێوراوی دیموكراتەكان لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمەریكا بیباتەوە، ئەوا رووداوێكی تر لە مێژووی ئەمەریكا تۆمار دەكرێت.
دوای ماوەیەكی زۆر لە مشتومڕ و دانانی پاڵێواری جیاواز بۆ جێگرەكەی، دواجار جۆ بایدن كەسێكی هەڵبژارد كە ژنێكی رەشپێستە. ئەو لە تویتێكدا نووسیویەتی "بۆ من جێی شانازییە كامالا هەریس بە جێگری خۆم هەڵدەبژێرم، ئەو خەباتگێڕێكی سەرسەختی مەیدانی مرۆڤایەتییە كە باشترین خزمەتی بە ئەمەریكا كردووە."
كامالا هەریس 55 ساڵە و یەكەم جارە ژنێكی رەشپێست وەك جێگری یەكێك لە پاڵێوراوەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بەشدار دەبێت.
ئەو ژنە لە هەڵبژاردنی بەرایی دیموكراتەكان بۆ دەستنیشانكردنی پاڵێوراو بەشدار بوو
پێویستە بگوترێت ئەو ژنە لە هەڵبژاردنی بەرایی دیموكراتەكان بۆ دەستنیشانكردنی پاڵێوراو بەشدار بوو، بەڵام زوو لە ركابەرییەكەی كشایەوە.
ئەو مافناسە داواكاری گشتی ویلایەتی كالیفۆڕنیا بووە و كەسێكی دیارە لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵاواردنی رەگەزی لە ئەمەریكا.
دایكی كامالا هەریس هیندی و باوكیشی جامائیكاییە و دووەم ژنی رەشپێستی ئەمەریكایە كە توانیویەتی بە ئەنجوومەنی پیرانی ئەو وڵاتە بگات.
بایدن لە تویتێكی تردا نووسیویەتی "كاتێك كامالا داواكاری گشتی بوو لەگەڵ كوڕەكەم كاری دەكرد، ئاگاداری ئەو هەوڵانە بووم كە ئەو لە دژی بانكە گەورەكان دەیدا و دەیویست دۆخی ژنان و كرێكاران و منداڵان باشتر بكات. من ئەوكات شانازیم پێوە دەكرد و ئێستەش زیاتر شانازی پێوە دەكەم."
جۆ بایدن ئەو كەسەیە دەتوانێ خەڵكی ئەمەریكا یەكگرتوو بكات
كامالا هەریس لە تویتێكدا نووسی "جۆ بایدن ئەو كەسەیە دەتوانێ خەڵكی ئەمەریكا یەكگرتوو بكات، ئەو ژیانی خۆی بۆ خەباتی ئێمە تەرخان كردووە و ئەگەر ببێتە سەرۆك، ئەمەریكایەك بنیات دەنێت كە لەگەڵ ویست و ئارەزووەكانی ئێمە بگونجێت."
پێویستە بگوترێ ژمارەی ئەو كەسانەی بۆ جێگری بایدن پاڵێورابوون، 10 كەس بوون كە سەرجەمیان لە كەسە دیارەكان بە تایبەت لە ناو گرووپە مەزەوی و نەژادییە جیاوازەكان بوون.
سوزان رایس كە پێشتر راوێژكاری ئاسایشی نەتەویی ئەمەریكا لە سەردەمی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما بوو، لەبارەی هەڵبژاردنی كامالا گوتی بڕیارەكەی جۆ بایدن بەرز دەنرخێنێت و هیوای سەركەوتن بۆ كامالا هەریس دەخوازێت.
رۆژێكی خۆشە بۆ ئەمەریكا
باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمەریكاش پێشوازی لە بڕیارەكەی بایدن كرد و گوتی "رۆژێكی خۆشە بۆ ئەمەریكا."
بەگوێرەی
دۆیچەوێلە، لە بەرانبەردا كەمپینی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و پاڵێوراوی كۆماریخوازەكان لە بەیاننامەیەكدا كامالا هێریسی بە كەسێكی دووڕوو هەژمار كرد و گوتی بەها فكرییەكانی رابردووی خۆی پێشێل كردووە و ئێستە چووەتە پاڵ رەوتی چەپی دیموكراتەكان.
دانیشتنی نیشتمانیی پارتی دیموكرات بۆ ناساندنی كامالا هەریس وەك جێگری بایدن، هەفتەی داهاتوو واتە لە 17ی ئابەوە بۆ ماوەی چوار رۆژ لە ویلایەتی ویسكانسین بەڕێوە دەچێت.
جۆ بایدن 10 كەسایەتی بۆ جێگرەكەی خۆی پاڵاوتبوو
جۆ بایدن 10 كەسایەتی بۆ جێگرەكەی خۆی پاڵاوتبوو . لە لیستەكەیدا سێناتۆر كامالا هەریس ناوی هاتبوو و دواجار چانس هەر بە پاڵێوراوی ژمارە یەك درا ببێتە جێگری سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكا ئەگەر بایدن لە هەڵبژاردنەكە بیباتەوە.
دووەمیان بریتی بوو لە، كارێن باس نوێنەری كۆنگرێس و لە چالاكانی ژنان و رەشپێستەكان. سێیەم، سوزان رایس راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە سەردەمی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما. چوارەم، وال دیمینگز نوێنەری كۆنگرێس و سەرۆكی پێشووی پۆلیسی ئورلاندۆ. پێنجەم، سێناتۆر تامی داگورس لە سەربازانی پێشووی سوپای ئەمەریكا كە لە جەنگی عێراقدا هەردوو پێی لە دەست دان.
شەشەم، كیشا لێنز باتومێز سەرۆكی شارەوانی ئەتلانتا. حەوتەم، سێناتۆر ئێلیزابێس وارن رەكابەری پێشووی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی دیموكراتەكان. هەشتەم، ئێستیسی ئابرامز، نوێنەری پێشووی جۆرجیا. نۆیەم میشێڵ لۆژان گریشام سەرۆكی ویلایەتی نیومەكسیكۆ. دەیەم گریچن وایتمێر سەرۆكی ویلایەتی میشیگان.
لە زۆربەی راپرسییەكان جۆ بایدن لە ترەمپی بردووەتەوە و تەنانەت پێشبینی مێژووناسێكی ئەمەریكاش كە لە دەیەی هەشتاوە سەرجەم پێشبینییەكانی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن راست دەرچوون لە قازانجی بایدن یەكلا بووەتەوە.
بە هەڵبژاردنی دەتوانێ سەرنجی دوو توێژی گەورەی ئەمەریكا بۆ لای خۆی رابكێشێت
جۆ بایدن بە هەڵبژاردنی كەسێك كە هەم ژنە و هەم رەشپێست دەتوانێ سەرنجی دوو توێژی گەورەی ئەمەریكا بۆ لای خۆی رابكێشێت و بەهۆیەوە دەنگەكانی بەرز بكاتەوە. رەشپێستەكان رۆڵی گرنگیان هەیە لە یەكلاكردنەوەی هەڵبژاردنەكان و چەند مانگی رابردووشدا هەستیان بە ستەم و هەڵاواردنی رەگەزی كرد و رۆژەكانی سەردەمی كۆیلایەتییان بیر هێنرایەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هاووڵاتییەكی رەشپێست لە لایەن پۆلیسێكی سپیپێست خنكێنرا و دیمەنەكانی رووداوەكەش ئەمەریكای هەژاند و خۆپێشاندانی گەورە لە لایەن رەشپێستەكان بەڕێوە چوو.
هاوكات دەستنیشانكردنی كەسێكی ژن بۆ جێگر، دەتوانێ سەرنجی ژنانی ئەمەریكا كە نیوەی دەنگدەرانن بۆ لای خۆی رابكێشێت و دەنگەكانی پێ بەرز بكاتەوە.