هاووڵاتییان لە فرۆشتنی زێڕەكانیان پەلە دەكەن

:: PM:02:36:12/08/2020 ‌
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە چەند هەفتەی رابردوودا هۆكار بووە لەوەی ئەوانەی زێڕیان هەیە، بۆ دەستخستنی پارەی زیاتر زێڕەكەیان بفرۆشن. زێڕنگرێك دەڵێ لە دوو رۆژی رابردوودا كە نرخی زێڕ دابەزیوە، خەڵك لە ترسی زیاتر دابەزینی نرخی زێڕ، لە فرۆشتنی زێڕەكانیان پەلە دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم زێڕ نزمترین نرخی لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو تۆمار كرد، بەڵام لە پێش نیوەڕۆوە رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و بەشێك لە دابەزینەكە قەرەبوو كراوەتەوە.
ئێستە ئۆنسی زێڕ بە هەزار و 932 دۆلار دەفرۆشرێت

بەگوێرەی goldprice ئەمڕۆ چوارشەم هەر ئۆنسێك زێڕ لە هەزار و 914 دۆلارەوە تا هەزار و 866 دۆلار دابەزی، بەڵام ئێستە بە هەزار و 932 دۆلار دەفرۆشرێت و بەراورد بە دەستپێكی رۆژەكە هەڵكشاوە. دوێنێ سێشەم زێڕ بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیبوو. لە دەستپێكی رۆژەكە هەر ئۆنسێك زێڕ بە دوو هەزار و 28 دۆلار دەفرۆشرا، بەڵام ئێوارەكەی بە هەزار و 911 دۆلار داخرا.

كارزان وەفیق زێڕنگر و بریكاری كۆمپانیای krnb  بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم هەر ئۆنسێكی زێڕی 24 عەیار بە 377 هەزار دینار، زێڕی 21 عەیار بە 330 هەزار دینار و زێڕی 18 عەیاریش بە 285 هەزار دینار دەفرۆشرا، بەڵام ئێستە كەمێك بەرز بووەتەوە.

ئێستە نرخی زێڕی 21 عەیار بە نزیكەی 340 هەزار دینار، 24 عەیار بە 385 هەزار دینار و عەیار 18 بە 295 هەزار دینار دەفرۆشرێت.

هاووڵاتییان لە چەند رۆژی رابردوودا بە لێشاو روویان لە فرۆشتنی زێڕ كردبوو
وەك زیاتر خستیەڕوو، هاووڵاتییان لە چەند رۆژی رابردوودا بە لێشاو روویان لە فرۆشتنی زێڕ كردبوو و ئێستەش كە نرخەكەی بەراورد بە هەفتەی رابردوو دابەزیوە، خەڵك زیاتر زێڕەكانیان دەفرۆشن لە ترسی ئەوەی دابەزینی زیاتر تۆمار بكرێت و ئەو بڕە پارەیە نەكات ئەوان چاوەڕوانی دەكەن.

بەهۆی دواكەوتنی مووچە و دۆخی نالەباری ئابووری لە هەرێمی كوردستان، ئەوانەی زێڕێكیان بەدەستەوەیە هەوڵ دەدەن بۆ پارە بیگۆڕن و پێداویستییەكانی ژیانیانی پێ دابین بكەن. دۆخەكە بۆ ئەو كەسانە نەگونجاوە كە دەیانەوێ ژن بۆ كوڕیان بهێنن و بە ئاسانی ناتوانن داواكارییەكانی ماڵی بووك جێبەجێ بكەن.

گرنگترین هۆكاری دابەزینی بەهای زێڕ بۆ بەرهەمهێنانی پێكوتەی كۆرۆنا و ئەو هەوڵانە دەگەڕێتەوە كە وڵاتان لە بەرهەمهێنانیدا سەركەوتنیان بەدەست هێناوە.  

دوێنێ رووسیا بە فەرمی پێكوتەكەی پەسند كرد و بڕیاری دا لە خەڵك بدرێت، پوتینیش بۆ یەكەم جار ئەم پێكوتەیەی بۆ كچەكەی بەكار هێنا و باس لەوە كرا كاریگەرییەكانی ئەرێنی بوون.

لە دوای راگەیاندنەكەی رووسیا، رێكخراوی تەندروستی جیهانی و كۆمەڵێك وڵات گومانیان خستە سەر پێكوتەكەی رووسیا، بۆیە پێشبینی دەكرێ دووبارە هەڵكشانی نرخی زێڕ پێوەندی بەو گومانانەوە هەبێت.
لەم سەدەیەدا تەنیا ساڵانی 2013، 2014 ، 2015 و 2018 بەهای زێڕ دابەزیوە

جگە لە ساڵانی 2013، 2014 ، 2015 و 2018 لە سەرەتای ئەم سەدە نوێیەوە هەموو ساڵێك بە رێژەیەك نرخی زێڕ بەرز بووەتەوە.

ساڵی 2020 لەو ساڵانە بووە كە بەرزبوونەوەكە بەرچاو بووە و نزیكەی 27% لە بەهای زێڕ هەڵكشاوە. لە ساڵی 2018 بەهای زێڕ بە رێژەی 2% دابەزی، لە ساڵی 2015 بەهای زێڕ بە رێژەی 10% و لە ساڵی 2013 بە رێژەی 28% دابەزی. ساڵی رابردووش ساڵێكی گونجاو بوو بۆ بەهای زێڕ و نزیكەی 20% لە بەهاكەی هەڵكشا.

زێڕ لەو جۆرە كانزایانەیە كە هەر جۆرە تەنگژەیەك لە ئابووری دنیا بێتە كایەوە، بەهاكەی روو لە زیادبوون دەكات. كۆرۆنا یەكێك لەو هۆكارە گرنگانە بوو كە نرخی زێڕی بەرز كردووەتەوە، چونكە وەبەرهێنەران متمانەیان بە بازاڕەكان نییە و لە جیاتی وەبەرهێنان بكەن، سەرمایەكانیان بە زێڕ دەپارێزن.


وشە - سلێمان تاشان