تا دێت ژمارەی قوربانیانی پەتای كۆرۆنا لە دینا روو لە هەڵكشانە و مەترسییەكانی ڤایرۆسەكە لە پەرەسەندندایە، توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات ئەو كەسانەی جگەرەی ئەلیكترۆنی دەكێشن، مەترسی و ئەگەری زیاتری تووشبوونیان بە كۆرۆنا هەیە.
ئەگەری تووشبوون پێنج هێند زیاتر دەكات
توێژینەوەكەی زانكۆی ستانفۆرد ئاماژە دەكات، ئەو كەسانەی تەمەنیان لە نێوان 13-24 ساڵە و جگەرەی ئەلیكترۆنی دەكێشن، ئەوان بە پێنج هێند ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاترە، بە بەراورد بەوانەی ئەو جۆرە جگەرەیە ناكێشن.
توێژەران روونیان كردەوە، ئەو كەسانەی هەردوو جۆری جگەرەی ئاسایی و ئەلیكترۆنی دەكێشن، بە حەوت هێند زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە كۆرۆنا هەیە، هالبێرن فیڵشەر، مامۆستای پزیشكی منداڵان لە زانكۆكە دەڵێت، دەمزانی پێوەندییەكی لەوجۆرە هەیە، بەڵام پێشبینیم نەدەكرد بەوجۆرە بەهێزییە بێت.
زیاتر لە چوار هەزار كەس لە ئەمەریكا بەشداریان لە توێژینەوەكە كرد، تیایدا دووپات لە بوونی پێوەندی لە نێوان كێشانی جگەرەی ئەلیكترۆنی و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە پەتای كۆرۆنا كرایەوە، لەوكاتەی پێشتر رۆژنامەی "میرۆر"ی بەریتانی راپۆرتێكی بڵاو كردەوە و تیایدا وریایی لە مەترسییەكانی جگەرەی ئەلیكترۆنی دا كە راستەوخۆ پێوەندی بە زیادبوونی تووشبوون بە كۆرۆنا هەیە.