لاوازیی هەڵوێستی عێراق بەرانبەر توركیا بۆ لاوازی حكوومەتەكەی دەگەڕێتەوە

:: PM:07:42:12/08/2020 ‌

توركیا بە پاساوی بوونی ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان بە بەردەوام چەندان ناوچەی هەرێمی كوردستان و عێراقی بۆردمان كردووە، دواترینیان دوێنێ سێشەم بوو كە دوو ئەفسەری باڵای پاسەوانی سنووری عێراق كوژران، لەوكاتەی وەك هەموو جارێك سەرۆكایەتییەكانی عێراق سەركۆنەی پێشێلكارییەكەی توركیایان كردووە، بەڵام وەڵامدانەوەی عێراق بۆچی لاوازە؟
رەنگە حكوومەتی عێراق ناچار بێت هێز بباتە سنوورەكان
د ناسڕ هەركی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە بە "وشە"ی گوت، عێراق كێشە و تەنگژەی كەم نییە، ئێستە عێراق لاوازە و سەروەریی عێراق لە هەموو لایەكەوە پێشێل كراوە، نەوەك تەنیا لەلایەن توركیاوە، وەك گوتمان حكوومەتی عێراق لاوازە و دەسەڵاتی نییە بەرگری لە هاووڵاتییانی بكات، ئەوە یەكێك لە هۆكارەكانی لاوازیی كاردانەوەكانیەتی.

زیاتر گوتی، جیا لەوە كێشەیەك لە نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و توركیا هەیە، پێویستە هەردوولا ئەو كێشانە لەناو وڵاتی خۆیان چارەسەر بكەن، پێویست ناكات ئەوە بكەنە بیانوو و بێن لەناو هەرێم خەڵك بكەنە قوربانی، ئێستە حكوومەتی عێراق هەنگاوی باشی ناوە، جگە لەوە خەریكن لە ئەنجوومەنی ئاسایش و كۆمكاری عەرەبی و یەكێتی پەرلەمانەكانی عەرەبی، رێگری لە هێرشەكانی توركیا بكەن.

هەركی روونی كردەوە، ئەو كارتانەی بەدەست عێراقەوەن بۆ گوشاركردن لە توركیا رەنگە كارتی ئابووری و پێوەندی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵات هەبێت، ئەوانە بكەونە مەترسی، رەنگە كارتی بەكارهێنانی هێز لەلایەن عێراقەوە لەئارادا بێت، حكوومەتی عێراق ناچار بێت هێز بباتە سنوورەكان، كێشەكە ئەوەیە ئێستە دۆخی عێراق باش نییە و بەهەموو جۆرێك هەوڵی كەمكردنەوەی كێشەكانی دەدات. 

دوێنێ هەرسێ سەرۆكایەتی عێراق بە توندی سەركۆنەی بۆردمانەكەی توركیایان بۆ ناوچەی برادۆست و كوژرانی دوو ئەفسەری باڵای پاسەوانی سنووری عێراق كرد، ئەوان لەلایەك داوای گفتوگۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كرد و لە لایەكی تر باسی ئەگەری پەنابردنیان بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد، بۆ ناچاركردنی توركیا بۆ وەستاندنی پێشێلكارییەكانی. 

ئەمڕۆ چوارشەم وەزارەتی دەرەوەی عێراق یاداشتێكی ناڕەزایەتی توندی دایە فاتح یۆڵدز، باڵوێزی توركیا لە بەغدا، دوای كوژرانی دوو ئەفسەری باڵای عێراق و بەردەوامبوونی پێشێلكارییەكانی توركیا، وەزارەتەكە توركیای بەو پێشێلكارییە بەرپرسیار كرد و داوای كرد كە لایەنی توركیا روونكردنەوە بدات و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی رووداوەكە بكات و بۆردمانەكانی بوەستێنێت و هێزەكانی لەناو خاكی عێراق پاشەكشە پێ بكات. 

ئەمڕۆ حكوومەتی عێراق وەك ناڕەزایەتییەك بەرانبەر بە هێرشەكەی توركیا، سەردانێكی وەزیری بەرگری توركیا و سەردانی بەرپرسانی توركیای ئێستە بۆ بەغدا هەڵوەشاندەوە، لای خۆیەوە محەمەد رەزا، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، توركیا فراوانخوازی لەناو خاكی عێراق كردووە و پشتێنەی سنووری نێوان هەردوو وڵاتی داگیر كردووە، بۆ ماوەی 15 كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی عێراق، ئەوەیش بە پاساوی راوەدوونانی پەكەكە، كە ئەوە پێشێلكردنی سەروەریی عێراقە و قبووڵكراو نییە.

لەبارەی هۆكاری بۆردمانكردنی ئەو هێزەی عێراق، ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد، هێزەكانی عێراق بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەك بە درێژایی 50 كیلۆمەتر لە رێگەی دانانی چەند خاڵێكی پشكنین جووڵەیان كردووە، ئەوان لە ناوچەیەك نزیك بوونەتەوە كە توركەكان بە ناوچەیەكی قەدەخەكراوی دادەنێن، چونكە ئەو ناوچەیە هێزی هەردوو وڵات لە یەكتر جیا دەكاتەوە بە رووبەری 10 كیلۆمەتر، ئەگەرچی ئەو ناوچەیە لەناو خاكی عێراقە، دووپاتی كردەوە، نابێت هیچ گفتوگۆیەگ لەگەڵ لایەنی توركیا بكرێ تەنیا دوای پاشەكشەكردنی نەبێت، چونكە دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ بەوشێوەیە بەڵگەی لاوازیی عێراقە.

لەوكاتەی ئەو پەرلەمانتارە عێراقییە پێی وایە كە بوونی پەكەكە نابێتە پاساو بۆ پێشێلكارییەكانی توركیا، چونكە عێراق ئەو بوونەی پەكەكە رەت دەكاتەوە و پاڵپشتی ناكات و نایەوێ بەردەوام بێت، لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژ بەناوی فەرماندەیی ئۆپراسینە هاوبەشەكان گوتی، ئەو دەستدرێژییەی توركیا كارێكی دوژمنكارانەیە و عێراق توانای رووبەڕووبوونەوەیانی هەیە، ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان كۆبوونەوەیەكی گرنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ زانینی هۆكاری دەستدرێژییەكەی توركیا بۆ سەر پاسەوانانی سنوور.    

روونی كردەوە، كێشەیەك لە نێوان پەكەكە و توركیادا هەیە و نابێ لەسەر خاكی عێراق یەكلای بكەنەوە، هاوكات ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان پابەندە بە فەرمانەكانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و وەزیری بەرگری توركیایش لە سەردانەكەی بۆ بەغدا كە هەڵوەشایەوە، بڕیار بوو باسی بابەتی پەكەكە بكات.

هەر لەو ناوەدا ئەمڕۆ هەریەك لە كەتیبەكانی حزبوڵا و بزووتنەوەی ئەنساروڵا ئەوفیا، هەڕەشەیان كرد بەوەی ئەنكەرە سووكایەتی بە حكوومەت و گەلی عێراق دەكات و ئەوان ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی توركیا، روونیان كردەوە، پێشێلكارییەكان بۆ سەر عێراق بەردەوامە و بە سەركۆنەكردن و ناڕەزایەتی جەماوەری و فەرمی چارەسەر نەكراون، ئەوەیش بەڵگەی روونە لەسەر سووكایەتی بە حكوومەت و گەلی عێراق، ئەو كارانەی توركیا و داگیركردنی بۆ چەند بەشێكی عێراق، بەهۆی لاوازیی هەڵوێستی حكوومەتی عێراق و تێوەگلانی بەشێك لە حزب و لایەنی عێراقی كە بوونەتە پاچێك بۆ رووخاندنی دەوڵەتی عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل