ئەمەریكا باسی بۆردمانەكەی توركیا بۆ هێزەكانی عێراق دەكات

:: PM:08:34:12/08/2020 ‌

دوای ئەوەی دوێنێ لە بۆردمانی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیا لە ناوچەی برادۆستی سنووری، دوو ئەفسەری باڵای عێراق لە هێزەكانی پاسەوانی سنوور گیانیان لەدەست دا، كاردانەوەی توندی لەلایەن عێراق لێ كەوتەوە، بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاماژەی كرد ئەوان وردەكاری رووداوەكە نازانن و خەریكی وەرگرتنی زانیاریین.
ئەمەریكا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ هەردوولا
ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە گوتی، ئەمەریكا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی هەموو ماڵباتی قوربانیانی رووداوەكە دەكات، روونی كردەووە كە واشنتن وردەكاری سەبارەت بە هێرشەكەی توركیا بۆ سەر ناوچەكە نییە و ئێستە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ هەردوولا بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر.

لەلایەكی تر سەرچاوەیەكی تەناهی روونی كردەوە كە هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق لە پشتێنەی سنووری لەگەڵ توركیا لە ناوچەكانی سیدەكان و حاجی ئۆمەران لە هەولێر و لە زاخۆ لە دهۆك بڵاو بوونەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش هاوكاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەیە بۆ پاراستنی ناوچەكە. 

بەپێی ئەو سەرچاوەیە ئێستە هێزەكانی عێراق گەیشتوونەتە نزیك سەنگەرەكانی سوپای توركیا و ئەوان چەكی قوڕس و ناوەندیان پێیە و گفتوگۆ لەگەڵ پەكەكەیش كراوە بۆ پاشەكشەكردن لە پشتێنەی سنووری.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل