"خۆپێشاندان مافێكی رەوایە نابێ بۆ مەرامی سیاسی بەلاڕێدا ببرێت"

:: PM:09:56:12/08/2020 ‌

خۆپێشاندان یەكێكە لە ئاماژەكانی بوونی سیستمێكی دیموكراسی، هاوكات سنوور و شێوازی خۆی هەیە و پێویستە دووربێت لە بەلاڕێدابردن و سوودبینینی سیاسیانەی كەسانێك بۆ گەیاندنی پەیامێكی جیاواز لەسەر حسێبی خۆپێشاندەرانەوە، مامۆستایەكی زانكۆ ئاماژە دەكات، پێویستە خۆپێشاندانەكان لە دەستوەردانی سیاسی بە دوور بن.
سلێمانییەكان هۆشیار بوون و خۆیان لە گرژی پاراست
ئەمڕۆ چوارشەم 12ی ئاب، لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی خۆپێشاندانی چین و توێژەكان بۆ داواكردنی مافی خۆیان كە پێدانی مووچەكانیانە، بەڕێوە چوو، بەڵام وەك كاری هەمیشەییان چەند لایەنێكی سیاسی، بە دیاریكراوی نەوەی نوێ، خۆیان بەو ناڕەزایەتییەدا هەڵواسی بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان.

زیاد كاكە ڕەزا، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، خۆپێشاندان مافێكی ئاسایی و یاسایی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە، بۆ گەیاندنی داواكارییەكانیان بە حكوومەتی خۆیان.

زیاتر گوتی، دەبێ داواكاری ڕەوای خەڵك لە مەرام و مەبەستی سیاسی جیا بكرێتەوە، چونكە ئەوكات كۆمەڵێك كەس لەو گرژیانەدا سوودمەند دەب، روونی كردەوە، خۆپێشاندانەكەی ئەمڕۆ زۆر هێمن و لەسەرخۆ بوو، ئەگەر چی سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ویستی بۆ مەرامی سیاسی بەكاری بێنێت، بەڵام هاووڵاتییانی سلێمانی هۆشیارن و خۆیان لە گرژی پاراست، پێچەوانەی ڕانیە كە گرژی لێ كەوتەوە و بارەگای حیزبی تیادا سووتێندرا.

نەزاكەت حوسێن، مامۆستای زانكۆی سلێمانی وێڕای ئەوەی خۆپێشاندانی بە مافێكی ڕەوای خەڵك زانی، بەتایبەتی لەم دۆخەدا كە خەڵك مووچەی دواكەوتووە، بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە كە پێویستە خۆپێشاندانەكان لە موزایەدە و مەرامی سیاسییەوە دوور بخرێنەوە، بۆ ئەوەی بەلاڕێدا نەبرێن كە داواكاری سەرەكی پێدانی مووچەیە.

زیاتر گوتی، دەستوەردانی سیاسی لە خۆپێشاندانەكان كارێكی خراپە و پێویستە ڕێگری لێ بكرێ، چونكە لەلایەك مەبەستە سەرەكییەكە ون دەبێ و لەلایەكی تر هیچ خزمەتێك بە خەباتی مەدەنی و خۆڕسكیانە ناكات.

ئەو مامۆستایە روونی كردەوە، هەر خۆپێشاندانێك كە لە ڕەوتی هێمنانە دەرچوو و بەلاڕێی سیاسید برا، ئەو خۆپێشاندان و جووڵانەوەیە لە مەبەستە سەرەكییەكەی لادەدات و ئاراستەی توندوتیژی وەردەگرێ، ئەمەیش بۆ ئەم خەڵكە ماندووەی سلێمانی ناهەقییەكی گەورەیە و ئەوان دەبنە قوربانی.

شایەنی باسە سەرچاوەیەك لە پۆلیسی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش هەموو هەوڵێك دەدەن خۆپێشاندەران بپارێزن، ڕێگەیش لە فراوانبوونی ناڕەزایەتییەكان بگیرێت، روونی كردەوە، هێزێكی زۆری ئاسایش لە ناو بازاڕ و بەردەركی سەرا و گەڕەكی كانی ئاسكان بڵاوەیان پێ كراوە، بۆ ڕێگریكردن لە دانانی خێوەت و بەردەوامی خۆپێشاندانەكان.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل