ئامار و ڕووپێوییه‌كان له ئه‌مه‌ریكا دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه جه‌ماوه‌ری بایدن به به‌رده‌وامی له پێش تره‌مپ ده‌داته‌وه و به دووری نازانن كه بایدن له هه‌ڵبژاردنی مانگی 11 سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا بباته‌وه، به‌ڵام له باره‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی بایدن گفتوگۆ و باسوخواسی زۆر هه‌یه و گرنگترین دۆسیه‌یش بریتییه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئێران، پاش ئه‌وه‌ی تره‌مپ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران به ته‌واوی نزیككردنه‌وه له جه‌نگ، هه‌مووان ده‌پرسن ئاخۆ بایدن چی له هه‌گبه‌دایه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ تاران؟
چه‌مكی "تره‌مپی ئاڵۆزی دروستكه‌ر" ئێسته له ئه‌مه‌ریكا زۆر ده‌گوترێته‌وه و گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یش له‌سه‌ر تره‌مپ دروست بووه، چونكه ئه‌و ئه‌مه‌ریكای به ته‌واوی بۆ دواوه گه‌ڕانده‌وه و ئێسته ئه‌مه‌ریكا كێشه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان هه‌یه و له نێویشیاندا ئێران یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه تره‌مپ چه‌ند جارێك ئه‌مه‌ریكای نزیككردووه‌ته‌وه له ڕاگه‌یاندنی جه‌نگ دژی ئه‌و وڵاته و هێرشی كرده سه‌ر فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران و له به‌غدا كوشتی، ئامانجی سه‌ره‌كی تره‌مپ به گرتنه‌به‌ری "سه‌پاندنی قورسترین سزا" ناچاركردنی ئێران بوو بۆ ڕازیبوون به مه‌رجه‌كانی واشنتن و دووباره ده‌ستكردنه‌وه به دانوستاندن و گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێكی تر، به‌ڵام ئه‌مه چوار ساڵه‌كه‌ی تره‌مپ به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕوات و تا ئێسته هیچ یه‌كێك له‌و هیوایانه‌ی تره‌مپ هه‌ڵی چنیبوو به‌دی نه‌هاتووه.
تره‌مپ له ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران كشایه‌وه و زۆرترین سزای به‌سه‌ر وڵاته‌كه سه‌پاند و هێزی له دژی ئێران جووڵاند و له كه‌نداو ئاڵۆزییه‌كی زۆری دروست كرد و هه‌موو لینكه‌كانی پێوه‌ندی نێوان واشنتن و تارانی پچڕاند، به جۆرێك شاره‌زایان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه هیچ كات له مێژووی ئه‌مه‌ریكا پێوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا و ئێران نه‌گه‌یشتووه‌ته دۆخێكی خراپی وه‌ك ئێسته.
تره‌مپ هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی پێوه‌ندی پچڕاندووه و بایدن ده‌یه‌وێ دروستی بكاته‌وه
گۆڤاری "
ناشناڵ ئنتێرست" پرسیاره گرنگه‌كه‌ی به‌رده‌م شاره‌زایان و به‌رپرسان و میدیاكارانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌یه، كه ئه‌گه‌ر بایدن سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا بباته‌وه، چی به‌رانبه‌ر به ئێران ده‌كات؟ هه‌مووان له‌و بڕوایه‌دان و بایدن خۆیشی دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه، كاتێك ده‌بێته سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا یه‌كێك له كاره له پێشینه‌كانی بریتی ده‌بێ له ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و گێڕانه‌وه‌ی ئارامی بۆ ناوچه‌كه، بۆیه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیش له‌گه‌ڵ ئێران په‌نا بۆ ڕێی دیپلۆماسی و دانوستاندن ده‌بات و دووباره پیوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای متمانه‌بوون به یه‌كتر داده‌ڕێژێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه كارێكی ئاسان نییه و به یه‌كێك له كۆسپه قورسه‌كانی سه‌ركه‌وتنی بایدن له سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا داده‌نرێت.
له‌گه‌ڵ هه‌وڵدانی بایدن بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئێران ده‌سبه‌جێ ده‌بێ له‌گه‌ڵ وڵاتێك پێوه‌ندی دروست بكاته‌وه، كه ئێسته به‌رده‌وامه له پیتاندنی یۆرانیۆم و ده‌ستیشی له وڵاتانی ناوچه‌كه بڵاو بووه‌ته‌وه و زۆرترین ڕۆڵی خراپ ده‌گێڕێت، له خۆشكردنی ئاگری ناكۆكی و ململانێكان له ناوچه‌كه، تاران حه‌ماس و حزبوڵا پاره‌دار ده‌كات و یارمه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د و میلیشیاكانی شیعه له عێراق ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی عێراق كۆنتڕۆڵ بكات، ئه‌مه‌ریكا قاسم سلێمانی كوشتووه كه سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی ئێران بوو، تاران كۆمه‌كی زۆری حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن ده‌كات، گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو دۆسیانه له‌گه‌ڵ ئێران كارێكی ئاسان نییه.
چونكه به دڵنیاییه‌وه له ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران، ده‌بێ ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكات و هه‌موو ئه‌و دۆسیانه‌یش به ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكان. پێشتر سویسرییه‌كان و سوڵتاننشینی عه‌مان نێوه‌ندگیری كاریگه‌ربوون له نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام تره‌مپ هه‌موو ئه‌و نێوه‌ندگیریانه‌ی پچڕاندووه و ویستی له ڕێی ژاپۆنه‌وه ده‌سپێشخه‌ری دانوستاندن بكات، كه ئه‌مه‌یش تووشی شكستێكی گه‌وره بوو.
گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێران ئاسان نییه و مه‌حاڵیش نییه
به‌ر له هه‌موو شتێك بایدن پێویستی به‌وه‌یه كه‌ناڵه دیپلۆماسییه‌كانی دروستكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران نوێ بكاته‌وه و هانیان بدات تا له‌گه‌ڵ تاران ده‌ست به دانوستاندن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بكاته‌وه، دواتریش بایدن ده‌یه‌وێ پلانێكی چڕ و پڕ ئاماده بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌وێته گفتوگۆ و سه‌رجه‌م ئه‌و دۆسیانه‌ی تێدا جێ بكاته‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه له هه‌نگاوی یه‌كه‌م گرنگه بتوانێ ئێران ناچار بكات كه ڕێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم هاوشێوه‌ی ئه‌و بڕه لێ بكاته‌وه كه له ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له 2015 بڕیاری لێدراوه، به‌ڵام گرفتێكی تر دێته به‌رده‌م بایدن، ئه‌ویش گۆڕینی حكوومه‌ته له ئێران و ته‌واوبوونی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی حه‌سه‌ن رووحانییه، هیچ ڕوونیش نییه كه كێ له شوێنی رووحانی ده‌بێت؟ تا ئه‌مه‌ریكا بتوانێ دانوستاندنی له‌گه‌ڵ بكات.
بایدن له خاڵێكی به‌هێزه‌وه ده‌ست به دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كاته‌وه، چونكه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سزا زۆره‌كانی تره‌مپ، تارانی نه‌هێنایه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ده‌ست به دانوستاندن بكاته‌وه و ده‌ستوه‌ردانی وڵاته‌كه‌یشی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌م نه‌كرده‌وه، به‌ڵام له ڕووی ئابوورییه‌وه تاران هێزی لێ بڕاوه و زۆر وێران بووه، پاش ئه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنایش گه‌یشته وڵاته‌كه. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وتیش دابه‌زی و ناڕه‌زایی و خۆپێشاندانیش له ناوخۆی ئێران ماوه ماوه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، هه‌موو ئه‌وانه ئاماژه‌ی باشن كه وا ده‌كه‌ن ئێران چاوه‌ڕێی دانوستاندن بكات و بایدنیش له پێگه‌یه‌كی به‌هێزه‌وه ئه‌مه‌ریكا بگه‌ڕێنێته‌وه ناو دانوستاندنه‌كان.