ئەنجوومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە

:: AM:08:29:02/09/2020 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران كۆ ببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر كاتی دەست پێ‌ كردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگەكان بدات.

ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیران كۆ ببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر دەست پێ‌ كردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە قوتابخانەكان و زانكۆ و پەیمانگەكان بكات.

شەش بژاردە بۆ كردنەوەی‌ ناوەندەكانی‌ خوێندن ئامادە كراوە
دوێنێ‌ ئالان حەمەسەعید وەزیری‌ پەروەردەی‌ حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەمیانی‌ كردنەوەی‌ پڕۆژەی‌ قوتابخانەیەك لە هەولێر لە لێدوانێكی‌ ڕۆژنامەوانی‌ رای‌ گەیاند، حكوومەت لەبارەی‌ یەكلا كردنەوەی‌ پرسی‌ كردنەوەی‌ دەرگای‌ ناوەندەكانی‌ خوێندن ڕۆژی چوارشەم كۆ دەبێتەوە. 

ڕوونیشی‌ كردەوە، پێشتر كۆبوونەوەی‌ تر كراوە لەسەر ئامادەكارییەكانی‌ كردنەوەی‌ دەرگای‌ خوێندن و دۆخی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەبەرچاو دەگیرێ و بڕیاری‌ یەكلا كەرەوە دەدرێ‌.

وەزیری‌ پەروەردەی‌ حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئاماژەی‌ بۆ ئەوەیش كرد كە شەش بژاردە بۆ كردنەوەی‌ ناوەندەكانی‌ خوێندن ئامادە كراوە، بەڵام پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێ‌ كە دۆخەكە ئاسایی نییە بۆ كردنەوەی‌ دەرگای‌ خوێندنگاكان.

هەروەك دووپاتی‌ كردەوە كە خوێندن گرنگە و سەلامەتی‌ هاووڵاتییان گرنگترە و بەبێ‌ ڕاوێژ هیچ بڕیارێك نادرێ‌.

بەپێی‌ ساڵنامەی‌ خوێندن پێویستە لە 15ی‌ ئەیلوول دەرگای‌ ناوەندەكانی‌ خوێندن بكرێنەوە، بەڵام بەهۆی‌ دۆخی‌ كۆرۆنا ئەگەری‌ دواخستنی‌ هەیە.



وشە - رامیار جەواد