بڕیارە ئەمڕۆ ئیمانوێل ماكرۆن سەردانی عێراق بكات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە، بەشێك لە سەردانەكەی بریتییە لە كۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، بڕیارە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا سەردانی عێراق بكات و لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە.
بڕیارە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە
لە سەردانەكەیدا بڕیارە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك بابەتی ناوچەكە بكرێت.
سەردانەكەی ماكرۆن دوای ئەوە دێت دوێنێ سەردانی لبنانی كرد، ئەوەیش دوای ڕووداوی تەقینەوەكەی شاری بەیرووت كە زیانێكی زۆری بەو وڵاتە گەیاند.
شایانی باسە لە 17ـی تەمووزی ئەمساڵ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جان ئێف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فڕەنسا كرد، لۆدریان بەناوی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنساوە، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بانگهێشتی فڕەنسا كرد.
ئەوە لەكاتێكدایە كە تا ئێستە چەندان جار بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ماكرۆن كۆ بوونەتەوە و هاوكات فڕەنسا یەكێك بوو لەو وڵاتانەی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان، پشتی لە كوردستان نەكرد و بەردەوامیی بە پێوەندییە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكانی دا.