چین بڕیاری داوە كڵاوە ناوكییەكانی بۆ دوو هێندە زیاد بكات، بۆیە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا هۆشداری داوە لەو هەنگاوەی چین و داوای لە كۆنگرێس كردووە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لە راپۆرتەكەیدا پێی وایە ئەو جۆرە كڵاوە ناوكییەی بڕیارە چین بەرهەمیان بهێنێت، تایبەتن بە مووشەكی بالستیك و ئەگەر لە چینەوە ئاراستە بكرێن، ئەوا تا ئەمەریكا دەتوانن ئامانجەكانیان بپێكن.
چین خاوەنی گەورەترین هێزی دەریاییە
بەگوێرەی
دۆیچەوێلە، جگە لەمە چین خاوەنی گەورەترین هێزی دەریاییە و بەپێی راپۆرتەكە 350 كەشتی جەنگی و ژێردەریایی هەیە، لە كاتێكدا ئەمەریكا تا سەرەتای ساڵی 2020 نزیكەی 293 كەشتی هەبووە، هەروەها چەك و چۆڵ و ئامێرەكانی بواری سەربازیی ئەو وڵاتە نوێن و كۆنەكان چیتر كاریان پێ ناكرێت.
چین و ئەمەریكا تەنیا لە بواری سەربازیدا ركابەرێیان نییە، بەڵكو ئەوان گرنگترین ركابەرییان لە بواری ئابووری و بازرگانیدا هەبووە و چین لە چەند دەیەی رابردوودا توانیویەتی لەم رووەوە سێبەری خۆی بەسەر ئابووری دنیادا زیاد بكات.
ئەمەریكا ئەم دۆخەی بە دڵ نییە، بۆیە جەنگیكی ئابووری لە نێوان ئەم دوو وڵاتە دەستی پێ كردووە و باجی قورسیان بەسەر بەرهەمەكانی یەكتردا سەپاندووە.