نرخی ئەمپێری كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان لە مانگی ئابدا لە نێوان سێ هەزار و 500 دینار بۆ چوار هەزار دیناردا دەبێت، هاوكات بەپێی خشتەی پێدانی كارەبا لە مانگی ئەیلوولدا 24 سەعات كارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، لە ڕاگەیەنراوێكی كارەبای سلێمانی هاتووە، لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان كۆ بووەوە و بەگوێرەی نرخی گازوایل، نرخی سەعاتێك ئەمپێری موەلیدە بە سێ هەزار و 500 دینار بۆ مانگی هەشت (ئاب) دیاری كرا، كە بە تێكڕایی موەلیدە ئەهلییەكان لە نێوان 105 بۆ 120 سەعات كاریان كردووە، بەمەش نرخی ئەمپێرێك كارەبا لە نێوان سێ هەزار و 500 دینار بۆ چوار هەزار دیناردا دەبێت.
نرخی ئەمپێرێك كارەبا لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی تر جیاواز دەبێت
باس لەوەش كراوە، بەپێی پێدان و دابینكردنی كارەبا بۆ هاووڵاتییان لەلایەن موەلیدە ئەهلییەكانەوە، نرخی ئەمپێرێك كارەبا لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی تر جیاواز دەبێت.
لەبارەی بەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانگی ئەیلوول، هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە، پێویستە موەلیدە ئەهلییەكان كارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین بكەن.