بۆ شەشەم مانگی لەدوای یەك، قەبارەی هەناردەی كۆریای باشوور رووی لە دابەزین كردووە و لە مانگی ئابیش بەرێژەی 10% پاشەكشەی كرد.
بەپێی دواین ئامارەكانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وزەی كۆریای باشوور، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بەراورد بە مانگی ئابی ساڵی رابردوو هەناردەی ئەو وڵاتە 9.9% دابەزیوە.
لە مانگی ئابدا كۆریای باشوور بە قەبارەی 39 ملیار و 660 ملیۆن دۆلار هەناردەی هەبووە. هەرچەندە شەش مانگە رێژەی هەناردە دادەبەزێت، بەڵام رێژەكە رووی لە كەمی كردووە.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ قەبارەی هەناردەی كۆریای باشوور 25.6% دابەزیبوو. لە مانگی ئایار 23.8% و لە مانگی حوزەیرانیش 10.8% و لە مانگی تەمووزیش 7.1% دابەزی.
بەگوێرەی
مێهرنیوز، هەناردەی كۆریای باشوور گرێ دراوە بە كەمكردنەوەی رێوشوێنەكانی كۆرۆنا لە دنیا و هەر كاتێك داخوازی لەسەر بەرهەمەكانی كۆریای باشوور زیادی كرد هەناردەش بەرز دەبێتەوە.
تەرازووی بازرگانیی كۆریای باشوور چوار ملیار و 120 ملیۆن دۆلار لە قازانجی ناوخۆیی قورستر بووە
جگە لە هەناردە، قەبارەی هاوردەی كۆریای باشووریش لە مانگی ئابی ئەمساڵدا 16.3% دابەزی و گەیشتە 35 ملیار و 540 ملیۆن دۆلار و بەو پێیە تەرازووی بازرگانیی كۆریای باشوور چوار ملیار و 120 ملیۆن دۆلار لە قازانجی ناوخۆیی قورستر بووە و چوارەم مانگی لە دوای یەكە تەرازووەكە قورس دەبێت و هیچ جۆرە كورتهێنانێك روو نادات.