بڕیارە دوای سەردانەكەی ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا، سەرۆك وەزیرانی میسر بە سەردانێكی فەرمی بگاتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ هاوتاكەی مستەفا كازمی كۆ ببێتەوە و چەندان ڕێككەوتنی باڵا لە نێوان ئەو دوو وڵاتە تاوتوێ بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، بەپێی ئەو زانیارییانەی
لە پێگەی "مەعلوومە"ی عەرەبی بڵاو كراوەتەوە و تێدا ئاشكرا كراوە، "مستەفا مەدبوولی سەرۆك وەزیرانی میسر سەردانی عێراق دەكات بۆ دامەزراندنی چەندان لیژنەی باڵا لە نێوان هەردوو وڵات بۆ ڕێككەوتن لەسەر گرێبەستە جیاوازەكان.
تەواوی پلانەكان بۆ ئەوەیە عێراق بكەنە ناوەندێكی پشت بەخۆبەستوو
زیاتر هاتووە، میسر دەیەوێت تا ساڵی 2030 ببێتە ناوەندێكی هەرێمی وەبەرهێنانی ئابووری گرنگ لە ناوچەكەدا، لەلایەكی تریشەوە عێراق بووە بە ناوەندێكی گرنگ بۆ ڕاكێشانی وڵاتان لە كردنەوەی چەندان پڕۆژەی بەرهەمهێنانی گەورە، ئێستە تەواوی پلانەكانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەوەیە عێراق بكەنە ناوەندێكی پشت بەخۆبەستوو.
ڕوون كراوەتەوە، لە دیدارەكەدا عێراق و میسر چەندان بابەتی گرنگ لە بواری وەبەرهێنان تاوتوێ دەكەن، دیدارەكە زیاتر لە چوارچێوەی گۆڕینی ڕێڕەوی ئابووری دەبێت لە نێوان عێراق و وڵاتانی تردا.
ئەم سەردانەی سەرۆك وەزیرانی میسر دوای دیداری لووتكەی سەرۆكی میسر و پاشای ئوردن و سەرۆك وەزیرانی عێراق دێت لە ئوردن كە هەفتەی ڕابردوو ئەنجامیان دا، چاودێرانیش پێیان وایە گۆڕانكاری گەورە لە ناوچەكەدا ڕوو دەدات.