سزای سەرپێچیكارانی سەر ئاو ڕاگەیەنرا

:: AM:10:35:02/09/2020 ‌
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، هەر كەسێك ئاوی بەسەرپێچی ڕاكێشابێت و دوای ئاگەداركردنەوەی نەیبڕێت، بە پێبژاردنی دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم دوی ئەیلوول، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تیمەكانی لابردنی سەرپێچی لە كارەكانیان بەردەوامن و لە ماوەی ڕابردوو چەندان سەرپێچی ئاویان لاداوە.

لە ماوەی 72 سەعات سەرپێچییەكەی لاببات، دەنا سزا دەدرێت
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی، هەركەسێك بە نایاسایی ئاوی ڕاكێشابێت، ئاگەدار دەكرێتەوە لە ماوەی 72 سەعات سەرپێچییەكەی لاببات، دەنا سزا دەدرێت.

باسی لەوەش كرد، بڕی ئەو سەرپێچییە لەلایەن قایمقامییەتی هەولێر دیاری دەكرێت لە 500 هەزار دینار دەست پێ‌ دەكات تا دوو ملیۆن نیو دینار دەبێت.

ڕوونی كردەوە، لەو هەڵمەتانەی لە ماوەی ڕابردوو ئەنجام دراون، چەندان ئاوی نایاسایی بڕاون بە تایبەت ئەوانەی بە نایاسایی بۆ ئاودانی باخچەكان بەكار دەهێنران كە كاریگەری هەبوو لەسەر كەمبوونەوەی ئاو.

لە ماوەی ڕابردوودا چەندان هەڵمەت دەستی پێ‌ كرد بۆ بڕینی ئاوی نایاسایی بە تایبەت لە گەڕەكی وەزیران و 32ـی پاركی هەولێر.



وشە - رامیار جەواد