عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ماوەیەكی زۆر لە تێپەڕینی رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، هەڵوێستی وەرگرت و گوتی، ئیمارات بەم كارەی خیانەتی لە ئیسلام و عەرەب و پرسی فەلەستین كرد. مایك پۆمپیۆش وەڵامی دایەوە.
خامنەیی رەخنەی توندی لە ئیمارات گرت و گوتی، "ئەوەی ئیمارات كردی وەك پەڵەیەكی رەش بە ناوچاوانی دەمێنێتەوە." لە بەرانبەر ئەو هەڵویستەی خامنەیی، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا داوای لە وڵاتانی دنیا كرد ئەم هەڵوێستە دوژمنكارییەی خامنەیی مەحكووم و شەرمەزار بكەن.
مایك پۆمپیۆ لە تویتەكەیدا نووسیویەتی، نەوەكانی ئیبراهیم مسوڵمانان و كریستیانەكان و جووەكان دڵیان بە ئاشتی خۆشە و پێشوازی لێ دەكەن، كەچی خامنەیی هەر خەریكی لێدانی تەپڵی توندوتیژی و بڵاوكردنەوەی رق و كینەیە. ئەو پاڵپشتی خۆی بۆ ئیمارات دەربڕیوە.
بەگوێرەی
رادیۆ فەردا پێش خامنەیی، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانیش هەڵوێستی هەبووە و گوتبووی نابێت ئیمارات رێ بدات پێی ئیسرائیل بخزێتە ناوچەكەوە.
ئێران دەیەوێت خۆی لە پرسی مسوڵمانانی ئۆیغۆر گێل بكات
مایك پۆمپیۆ ئاماژەی بە جۆرێك دووڕوویی كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد و گوتی، دەیەوێت خۆی لە پرسی مسوڵمانانی ئۆیغۆر گێل بكات كە لە لایەن چینەوە خەریكە لەناو دەبرێن و چاوەڕوان بوو خامنەیی لەسەر ئەمە هەڵوێستێكی هەبێت.