موقتەدا سەدر داوای داخستنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی دەکات

:: AM:11:39:02/09/2020 ‌
رابەری رەوتی سەدر پەیامێكی لەسەر دۆخی عێراق بڵاو كردەوە، لە بەشێكی قسەكانیدا داوای داخستنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی  بەفەرمی لە تەواوی عێراق كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا داوای لە هێزەكانی حەشدی شەعبی بەگشتی كردووە ئەندامە خراپەكانیان لە ڕیزەكانیان دوور بخەنەوە و بیاندەن بە دادگا، كەسانی باش لە شوێنیان دابنێن و دروشممان پاراستنی شكۆی دەوڵەت بێت، ئەگەرنا كات ڕەحم بە كەس ناكات و گەل سزایان دەدات.

داوای داخستنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی دەكات 
موقتەدا سەدر هەر لە تویتەكەیدا داوای لە دەسەڵاتداران كردووە ڕەوشی عێراق چاك بكەن، چونكە هاووڵاتییان تووڕەن و ڕەنگە كارێكی چاوەڕوانكراو ڕوو بدات، بە تایبەت ژمارەیەك خەڵكی خراپ چوونەتە ڕیزی خۆپێشاندەرانەوە.

موقتەدا سەدر گازندە دەكات لەوەی خەڵك دەستیان داوەتە تاوانكردن و سەرپێچیكردنی فەرمانەكانی خودا. هەورەها داوای داخستنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی دەكات و پێی وایە دەبێت حەشد لە ژێر دروشمی پاراستنی شكۆی دەوڵەتدا لەگەڵ هێزە تەناهییەكاندا یەك بگرن.

پێشنیازەكەی سەدر دوای ئەوە دێت كە پێشتر خۆی میلیشیاكانی بەناوی سەرایا سەلام ڕادەستی حكوومەتی عێراقی كرد و تێكەڵی سوپای كردەوە، بەهۆی ئەوەی زووتر لە مەترسی لەناوچوونی چەكدارە شیعییەكان و لێدانیان لەلایەن ئەمەریكا و هاوپەیمانان زانیبوو، سەدر ئەمە چەندان جارە هۆشداری دەداتە سەرۆكەكانی گرووپە میلیشیا عێراقییەكان.


وشە - محەمەد میران