هۆشداری بە قوتابخانە ناحكوومییەكان دەدرێت

:: AM:11:43:02/09/2020 ‌

 

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان هۆشداری بە قوتابخانە ناحكوومییەكان دەدات و ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر ئەمساڵ بڕیار بێت خوێندن دەست پێ‌ نەكات، ئەوا خوێندنی ئەوانیش هەژمار ناكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێـتی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو قوتابخانە ناحكوومییانەی ئێستە سەرقاڵی خۆ ڕێكخستنەوەن بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن، جێی دڵخۆشییە.

وەزارەتی پەروەردە بڕیار بدات خوێندنی ئەمساڵ هەژمار نەكرێت یان دوا بخرێت، ئەوا خوێندنی ئەو قوتابخانانەش هەژمار ناكرێت
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان گوتی، ئەو قوتابخانانەی سیستمی تایبەتی خۆیان هەیە لە وڵاتێكی تر، دەتوانن دەست بكەنەوە بە خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین، چونكە بە بڕیار لە وەزارەتی پەروەردە ڕێیان پێ دراوە.

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان هۆشداری دا بەو قوتابخانانە ئەگەر وەزارەتی پەروەردە بڕیار بدات خوێندنی ئەمساڵ هەژمار نەكرێت یان دوا بخرێت، ئەوا خوێندنی ئەو قوتابخانانەش هەژمار ناكرێت.

باسی لەوەش كرد، ئێستە بەشێك لەو قوتابخانانە پێداچوونەوە بە سیستمی خوێندنی ساڵی ڕابردوویان و چۆنیەتی خۆ ئامادەكردن دەكەن بۆ ساڵی نوێی خوێندن، هیوادارین خوێندنی قوتابخانەكانی حكوومیش دەست پێ‌ بكەنەوە.

ماوەی دوو هەفتەیە چەند قوتابخانەیەكی ناحكوومی بانگەشەی دەستپێكردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ دەكەن لە شارەكانی هەرێمی كوردستان.



 



وشە - رامیار جەواد