سوپای پاسدارانی رژێمی ئێران لە هەردوو سنووری سەردەشت و پیرانشار، تەقەی لە كۆڵبەرانی كورد كرد و لە ئەنجامدا چوار كۆڵبەر گیانیان لە دەست دا.
هیچیان تەمەنیان لە 25 ساڵ تێنەپەڕیوە
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردووەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ هێزە چەكدارەكانی ئێران چوار كۆڵبەری كوردیان لە سەردەشت و پیرانشار كوشت.
لە سنووری نێوان سەردەشت و هەرێمی كوردستان، سێ گەنج بە ناوەكانی زانست حەسەن نەژاد /25 ساڵ/ و زانكۆ ئەحمەدی /22 ساڵ/ و سرووش ملكاری /24 ساڵ/ كە هەرسێكیان كۆڵبەرن، لەلایەن هێزەكانی سوپای پاسداران تەقەیان لێ كراوە و بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە.
هاوكات لە پیرانشار و لە ناوچەی سنووری زێوێ، سوپای پاسداران تەقەیان لە ژمارەیەك كۆڵبەر كردووە و گەنجێكی كورد بەناوی جەلال خزری بریندار دەبێت و هەر لەوێ گیانی لە دەست دەدات.
ئەو رێكخراوە ئاماژەی بەوەیش كردووە، جەلال خزری خەڵكی زێوێی پیرانشارە و تا ئێستە تەرمەكەی لای چەكدارانی سوپای پاسدارانە و رادەستی بنەماڵەكەی نەكراوەتەوە.
بەپێی ئاماری مانگانەی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی ئابی ئەمساڵ 31 كۆڵبەر و كاسبكاری كورد لەلایەن چەكدارانی سوپای پاسدارانەوە كوژراو و بریندار بوون.