وەزارەتی تەندروستی ئاماری 24 سەعاتی ڕابردووی تووشبووانی کۆرۆنای لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە، 579 کەس لەو ماوەیەدا تووشی کۆرۆنا بوون.
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوی 24 سەعاتیی ئاماری تووشبووانی کۆرۆنای بڵاو کردەوە، بەپێی ئامارەکە 579 کەسی تر تووشی کۆرۆنا بوون، 164 لە هەولێر، 97 لە سلێمانی، 25 لە گەرمیان، 268 لە دهۆک، 25 کەسیش لە هەڵەبجە بوون.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس کراوە، لە ماوەی ئەو 24 سەعاتەی ڕابردوودا هیچ کەسێک کەرەنتین نەکراوە، بەڵام 27 کەسی تر بە ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەست داوە.
پێنج هەزار و 255 پشکنینی نوێ لە هەولێر، سلێمانی، گەرمیان، دهۆک و هەڵەبجە کراون، 449 هاووڵاتیش چاک بوونەتەوە، لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە.
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تا ئەمڕۆ، 29 هەزار و 926 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، هەزار و 125 کەسیش پێی مردوون، هەروەها 21 هەزار و 871 کەسیش لە بنکە جیاوازەکانی چاودێریی تووشبووان کەرەنتین کراون.