تاران: عێراق باسی لەوە نەکردووە پێویستی بە هاوردەی گازی سروشتی نەبێت

:: PM:01:50:02/09/2020 ‌
وەزیرێكی ئێرانی ئاشكرای دەكات كە تا ئێستەیش كارەبای عێراق بە گازی سروشتیی ئێران كار دەكات، بەگاڵتەجاڕییەوە دەڵێت، نەمانبیستووە عێراق باس لەوە بكات پێویستیان بە هاوردەی گازی سروشتی نەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران ڕای گەیاند، "نەمانبیستووە عێراق باس لەوە بكات پێویستیان بە هاوردەی گازی سروشتی نەبێت، ڕاستە عێراق گرێبەستی كردووە بۆ بەرهەمهێنانی گاز لە وڵاتەكەی دەتوانێ سوودی لێ ببینێت، بەڵام ئەوە پێویستی بە كات هەیە و عێراقییەكانیش خواستیان هەیە گازی زیاتر لە ئێرانەوە هاوردە بكەن، تا ئەم ساتەیش كارەبای عێراق بە گازی سروشتیی ئێران كار دەكات و ئەوەش وەك دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ كەرتی وزەی ئێران و ئێرانییەكان".

ئەمەیش لەكاتێكدایە كە ئەمەریكا ساڵی ڕابردوو فشاری گەورەی لەسەر عێراق دروست كرد كە گازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە نەكات، بەڵام عێراق تا ئێستە بەهۆی زۆری پێویستی بەردەوامە لەو كارەی، ئەمەریكا دوو پلانی داناوە بۆ ڕزگاربوونی عێراق لە ئێران، یەكەم بەرهەمهێنانی گاز لەناو وڵاتەكەی خۆیدا، هەروەها كڕینی كارەبا لە سعوودیە.


وشە - محەمەد میران