بەڕێوەبەری كەناڵی ئێن ئاڕ تی لەلایەن پۆلیسەوە گیرا

:: PM:01:59:02/09/2020 ‌
پۆلیسی سلێمانی لە ناو كەناڵی ئێن ئاڕ تی بەڕێوەبەری ئەو كەناڵەی گرت و پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، بڕیار لای دادوەرە ئازاد دەكرێت بە كەفالەت، یان دەمێنێتەوە لای پۆلیس.
ئێستە دراوەتە دەست دادوەر بۆ دیاریكردنی چارەنووسی

ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پێوەندییەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بوونی سكاڵا لەسەر شوان عادل وەك بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی، لە بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم لەلایەن پۆلیسەوە گیرا و ئێستە دراوەتە دەست دادوەر بۆ دیاریكردنی چارەنووسی.

زیاتر روونی دەكاتەوە، سكاڵاكان لەسەر كاری رۆژنامەنووسی بووە، ئێستە شوان عادل گیراوە و دادوەر بڕیار دەدات لەسەر ئەوەی ئایا لای پۆلیس لە گرتووخانە دەمێنێتەوە یان بە كەفالەت ئازاد دەكرێت، چونكە تەنیا دادوەر دەتوانێ ئەو بڕیارە بدات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئێن ئاڕ تییەوە بە "وشە" دراون، شوان عادل بە ناونیشانی بەڕێوەبەر گیراوە و لە ماوەی رابردووشدا چەندان سكاڵای لەسەر هەبووە و ئێستەیش چەندان سكاڵای لەسەرە.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان